دەستپێشخەری "ژنان کوردستان دەپارێزن" هێرشەکەی زاخۆیان شەرمەزار کرد

دەستپێشخەری "ژنان کوردستان دەپارێزن"، ئیدانەی هێرشی دەوڵەتی تورکیایان بۆ سەر زاخۆ کرد کە لە ئەنجامدا ٩ کەس گیانیان لەدەست داوە و منداڵیشیان تێدایە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ٢٠ی تەمموزدا دەوڵەتی توركیا بۆردومانی ناوچەی گەشتیاری پەرەخی زاخۆیان لە باشووری کوردستان کرد و لە ئەنجامدا ٩ کەس گیانیان لەدەستدا و ٢٦ کەسیش برینداربوون کە منداڵ و ژنیان تێدایە، دەستپێشخەری "ژنان کوردستان دەپارێزن" لە بەیاننامەیەکی نووسراودا ئیدانەی ئەو هێرشەیان کرد و ڕایگەیاند: "پێویستە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بێدەنگی خۆیان دژی کوشتنی هاوڵاتیان بشکێنن و دەوڵەتی تورک لە دادگای تاوانەکانی جەنگدا دادگایی بکرێت".

 

"دەبێت دەوڵەتی تورکیا سزا بدرێت"

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، پێویستە دەوڵەتی توركیا لەسەر تاوانی جەنگ لێپێچینەوەی لەگەڵدا بكرێت، "هێرشەكان بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی لە زاخۆ دەریدەخات كە دەوڵەتی توركیا هەموو پێوەرەكانی جەنگی تێپەڕاندووە و دوژمنایەتی هەموو قەوارەكان دەكات، لە هەمان کاتدا دەوڵەتی تورک لە کۆبانێ و عامودێ بە فڕۆکەی جەنگی هێرشی کردە سەر هەرێمەکەمان، هەموو ئەمانە دەرئەنجامی شکستی کۆبونەوەکەی ئەردۆغانن لە تاران، کە تیایدا گڵۆپی سەوزی بۆ هێرشکردنە سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا وەرنەگرت، دەوڵەتی تورک هیچ یاسا و ڕێسایەکی نێودەوڵەتی جێبەجێ ناکات و ڕۆژانە خەڵکی مەدەنی دەکوژێت و دەکاتە ئامانج. بە تایبەتی ژنان و منداڵان دەکاتە ئامانج. لە کوردستانەوە رۆژانە گوێبیستی هەواڵی کۆمەڵکوژی دەبین، دەوڵەتی تورکیش ئەنجامدەری ئەم کردەوانە کە دەبێت سزا بدرێن".

 

بانگەوازی خەباتی بەهێز

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا دەستپێشخەری "ژنان کوردستان دەپارێزن" سەرنجی بۆ خەباتی هاوبەشی گەل ڕاکێشا و ڕایگەیاند، بە توندی ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک دەکەین و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاگادار دەکەینەوە کە ئێستا هێرشەکانی دەوڵەتی تورک هەموو سنوورەکانی بڕیوە، پێویستە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بێدەنگی خۆیان لە دژی کوشتنی خەڵک بێنە دەرەوە و دەوڵەتی تورک لە دادگاکانی تاوانەکانی جەنگدا لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت. لە کۆتاییدا پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدانی کۆمەڵکوژی زاخۆ دەکەین و هیوای زوو چاکبوونەوەی بریندارەکان دەخوازین. ئێمە دەڵێین پێویستە گەلەکەمان ئامادەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرە هێرشێک.