ژنێکی سودانی سزای بەردبارانکردنی بەسەردا سەپێندرا و ناڕەزایەتی لێکەوتەوە
دایكێكی گهنجی ٢٠ ساڵان، بە ناوی ئینتیسار شەریف عەبدوڵا لە سودان لەلایەن دادگاوە سزای بەردبارانکردنی بەسەردا سەپێندرا، بەهۆی ناڕهزایی چالاکانی مافی مرۆڤ بڕیارەکە هەڵوەشایەوە، دوای ١٠ ساڵ هەمان بڕیار لەو وڵاتە سەپێندرایەوە.
ناوەندی هەواڵ
بەپێی راپۆرتی لێبوردنی نێودەوڵەتی، ژنێکی گەنجی ٢٠ ساڵ بە ناوی ئینتیسار شەریف عەبدوڵا بێ بینینی پارێزەر و بەبێ دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر دادگایی كراوە و لەگەڵ منداڵە چوار مانگەكەیدا دەستبەسەرە، ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ دەڵێت، لەوانەیە ئەو ژنە گەنجە تەمەنی لە خوار ١٨ ساڵەوە بێت.
ئەو تاوانەی دراوەتە پاڵ ئینتیسار بوونی بووە لەگەڵ پیاوێکی دیکەدا کە پێی دەوترێت زینا، لەکاتێکدا براکەی هەڕەشەی لێکردووە و لێیداوە، ئینتیسار لە قسەکانیدا ئاماژەی پێداوە و ناوی پیاوێکی هێناوە، بەڵگەکانی دادگای سودانیش لەسەر بنەمای قسەکانی ئینتیسار بووە کە لەکاتی ئەشکەنجەدا وتوویەتی، بەپێی زانیارییەکان ئەو پیاوەی لەگەڵیدا دەستبەسەر بووە، تۆمەتەکانی ڕەتکردووەتەوە و ئازاد کرا.
جین باپتیست گالۆپین لە تیمی سودانی سەر بە لێبوردنی گشتی سودان وتی: دۆسیەکە هێمای شکستی سیستەمی دادوەری سوودانە. ئینتیسار شەریف عەبدوڵڵا بەبێ دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و وەرگێڕ دادگایی کراوە، سەرەڕای ئەوەی زمانی عەرەبی زمانی دایکی ئەو نییە، پشتیش بەو دانپێدانانە دراوە کە لە ژێر فشاردا بووە و لەگەڵ کوڕە چوار مانگەکەیدا دەستبەسەر کراوە، ئێمە داوا لە دەسەڵاتدارانی سودان دەکەین سزای بەردبارانکردنی هەڵبوەشێننەوە و دەستبەجێ ئازادی بکەن و بێ مەرج.
بەردبارانکردن شێوازێکی لە سێدارەدانە کە بۆ زیادکردنی ئازارەکانی کەسی قوربانی داڕێژراوە، واتە جۆرێکی توندڕەو و دڕندانەی ئەشکەنجەدانە، یاسای نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ بە تایبەتی سزای لە سێدارەدان قەدەغە دەکات کە لە ئەنجامی دادگاییکردنی نادادپەروەرانە بێت، کەیسی ئینتیساریش کە لە ساڵی ٢٠١٣دا بوو، بەهۆی فشار و تانەکانەوە لە بڕیاری بەردبارانکردنەوە، هەڵوەشایەوە.
دوای ١٠ ساڵ حاڵەتێکی دیکە لە سزای بەردباران لە سودان تۆمار دەکرێت
دوای ١٠ ساڵ بەسەر هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری بەردبارانکردن تا مردن لە سودان، مریەم ئەلسید تیرەب تەمەن ٢٠ ساڵ، مانگی رابردوو لەلایەن پۆلیسەوە لە ویلایەتی نیلی سپی سودان دەستگیرکرا و بە تۆمەتی زینا کردن سزای بەردباران تا مردنی بەسەردا سەپێندرا، ئەمەش ناڕەزایەتی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا.
مریەم تانە لە بڕیارەکە دەدات و چالاکی مافی مرۆڤ و ژنان نیگەرانیان نیشاندا و پێیان وایە سزاکە نیشانەیە بۆ ئەوەی کودەتای سەربازی لە مانگی ئۆکتۆبەردا دەستکەوتەکانی ژنانی بچوک کردووەتەوەکە لە ژێر حکومەتی ئینتقالی وڵاتەکەدا بەدەستیان هێناوە.
سەنتەری ئەفریقی بۆ توێژینەوەی دادپەروەری و ئاشتی-ACJPS کە بنکەکەی لە ئۆگاندایە، رایگەیاندووە، سزاکە پێشێلکردنی یاسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانە و داوای "ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرج"ی مریەم دەکات، خستیەڕوو کە دادگاییەکی دادپەروەرانەی مریەم نەکراوە و دانپێدانانەکانی لە دژی بەکاردەهێنرێتەوە، چالاکانیش دەڵێت تا ئێستا سودان یاسا شەریعییە دڕندانەکانی تێدا جێبەجێ دەکرێت.
سودان یەکێکە لەو حەوت وڵاتەی کە مردن بە بەردبارانکردن سزای وڵاتەکەیە، لەکاتێکدا لە ئابی ساڵی ڕابردوودا سودان پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانی دژی ئەشکەنجەدان پەسەند کرد، دادوەرەکانی ئەو وڵاتە لە ساڵی ٢٠١٣دا سزاکەیان بەسەر چەند ژنێکدا لە ویلایەتی کۆردۆفانی باشوور سەپاند، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتی و تانەکانەوە سزاکە هەڵوەشایەوە، هەروەها زۆربەی زۆری دۆسیەکانی زینا و سزای بەردبارانکردن بەسەر ژناندا سەپێنراوە.
سەرچاوە: زە گاردیان