ئامینە کاکەباوە دژی ئەندامبوونی سوید لە ناتۆدا بەردەوامە لە هەڵوێستەکانی
لە ٢٨ی حوزەیراندا تورکیا ڕەزامەندی لەسەر ئەندامبوونی سوید و فینلاند لە ناتۆدا دەربڕی و ئامینە کاکەباوەش پێشنیاری لێسەندنەوەی متمانە لە ئان لیندە، وەزیری دەرەوەی سوید بەرزدەکاتەوە.
ناوەندی هەواڵ
٢٨ی حوزەیران، لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا هەریەکە لە یێنس ستۆڵتنبێرگ، سەرۆکی ناتۆ و ساولی نینیستۆ، سەرۆکی فینلاند و مەگدەلینا ئەندەرسۆن، سەرۆک وەزیرانی سوید و ئەدۆغانی سەرۆک کۆماری دەوڵەتی تورک کۆبوونەوە و ڕێککەوتن لەسەر بە ئەندامبوونی سوید و فینلاد لە ناتۆدا، ئەمەش لەکاتێکدا دێت کە تورکیا ئاماژەی بەوەدابوو پێویستە بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی، سوید و فینلاند بە مەرجەکانی ڕازیبن، کە سەرەکیترینیان فرۆشتنی چەک بە تورکیا و ڕووبەڕوو بوونەوەی تیرۆر بوو.
لەدوای ڕێککەوتنەکە، ئامینە کاکەباوە، پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی سوید، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی لە فەیسبوک، بڵاوی کردەوە، کە سوید و فینلاند مەرجەکانی تورکیایان پەسەندکردووە بەرامبەر بوون بە ئەندامیان لە ناتۆ، نووسیویەتی: "سوید ڕادەستی داخوازییەکانی تورکیا دەبێت و ڕێگەی پێدەدات سیاسەتی دەرەوەی سوید کۆنترۆڵ بکات، لەکاتێکدا تورکیا دەوڵەتێکی دیکتاتۆرێکی ئیسلامییە و ڕێزی بۆ مافەکانی مرۆڤ نییە و لە ڕێگەی دەستدرێژییە سەربازییە نایاساییەکانی و داگیرکردنی سوریا یاسا نێودەوڵەتییەکانی پێشێل کردووە".
پێشنیاری لێسەندنەوەی متمانە لە وەزیری دەرەوەی سوید بەرز دەکرێتەوە
ئەو پەرلەمانتارە کوردە ئاماژەی بەوەدا کە داوا لە وەزارەتی دەرەوە دەکات وردەکاری ڕیککەوتنەکە بخەنەڕوو، دوای ئەوەش ئامینە کاکەباوە دژی ئەندامبوونی سوید لە ناتۆدا هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند و لە کەناڵی چواری سویدییەوە ڕایگەیاند، "پێشنیاری بەرزكردنەوەی لێسەندنەوەی متمانە لە ئان لیندە، وەزیری دەرەوەی سوید دەكەم لەسەر ئەو پرسە"، لە پێشتریشدا ئەو پەرلەمانتارە جەختیکردووەتەوە کە دەنگ بە پرۆژە یاسای بودجە نادات ئەگەر ڕیککەوتن لەگەڵ تورکیادا بکرێت.
لە چاوپێکەوتنەکانیدا ئامینە کاکەباوە ئەوەی خستووەتەڕوو کە دەوڵەتی تورکیا بە هەموو شێوەیەک دژی گەلی کوردە و بە چەکی ناتۆ هێرش دەکات و نایەوێت گەلی کورد بگاتە ئازادییەکانی، ئەمریکا و ئەوروپاش هیچ هاوکارییەکی کورد ناکەن.