ڕێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان ئاماری کوشتنی ژنانی ٦ مانگی ئەمساڵی بڵاوکردەوە

بەپێی ئاماری ڕێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان، لە ٦ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ی هەرێمی کوردستاندا ٢٩ ژن خۆیان سوتاندووە، ٣١ ژن خۆیان کوشتووە، ٢٢ ژن کوژراون.

ناوەندی هەواڵ

 

٢١ی حوزەیرانی ٢٠١١ یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان دەرچووە، ڕێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان، ساڵانە چاودێری خۆی لەبارەی جێبەجێکردنی یاساکە لە هەرێمی کوردستان بە ڕاپۆرت دەخاتەڕوو، هاوکات ئاماری توندوتیژی و کوشتن و خۆکوشتنی ژنانیشی خستەڕوو.

 

شۆخان ئەحمەد، پارێزەر و ئەندامی ڕێکخراوەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری سلێمانی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکەی خوێندەوە و ئاماژەی بەوەدا کە توندوتیژییەکان پێکدێن لە دەروونی، جەستەیی و سێکسی کە زۆربەی کات لەلایەن باوک، برا، هاوژین و کەسی نزیکەوە ئەنجامدەدرێت و بەو هۆیەشەوە سکاڵا تۆمارکردن بۆ ژنان و نەبوونی بەڵگە و ئامادەبوونی شایەد دەبێتە هۆی دواکەوتن و نەگەشتنە ئەنجامی کەیسەکانی توندوتیژی دژی ژنان لە دادگاکاندا.

 

لە کۆنگرەکەدا ئاماری ٦ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ی هەرێمی کوردستان لەسەر کوشتن و خۆکوشتنی ژنان خراوەتەڕوو کە ڕێکخراوەکە کۆیان کردووەتەوە، بەپێی ئامارەکە ٢٩ ژن خۆیان سوتاندووە، ٣١ ژن خۆیان کوشتووە، ٢٢ ژن کوژراون.

 

ڕێکخراوەکە بۆ چارەسەرکردنی حاڵەتەکانی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان کۆمەڵێک پێشنیار لە یاداشتێکدا دەخاتە بەردەم سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم و ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان و ئەنجومەنی دادوەری.

 

لە یاداشتەکەدا هاتووە، بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژییەکان و دەستگیرکردن و بەسزا گەیاندنی تاوانبارانی کوشتنی ژنان بە هەر هۆکار و بە ناوی شەرەفەوە پێویستە ڕێوشوێنی جدی بگیرێتەبەر، هەروەها کەیسەکانی ژنان لە ڕێگەی دادگا و یاساوە یەکلایی بکرێتەوە، ئامارەکان پێمان دەڵێن ساڵانە زیاتر لە ٥٠ ژن دەکوژرێن و ناچار بە خۆکوشتن دەکرێن.

 

لە یاداشتەکە باس لەوەشکراوە کە بەپێی چاودێرییەکانی ڕێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان لە ساڵی ٢٠٢١دا هیچ دۆسیەیەکی ژنان لە دادگادا یەکلا نەکراوەتەوە، "ئەمە سەرەڕای ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزانە کە ٤٠ حاڵەتی ژن کوشتن، ٦١ حاڵەتی خۆکوشتن تۆمار کراوە بەڵام هیچ دۆسیەیەک لەناو دادگاکاندا یەکلایی نەکراوەتەوە، بۆیە پێویستە بەدواداچوون بۆ دۆسیەکان بکرێت و کە کورتترین ماوەدا یەکلایی بکرێتەوە".