بەڕێوەبەری هەپەسە-ژن: ئەو دەنگۆیانەی دەڵێن زرگان چۆڵکراوە ڕاست نین

مەریەم قاسم، بەڕێوبەری هێزەکانی پاراستنی کۆمەڵگە-ژن لە زرگان کە ماوەی پێنج ساڵە کاری پاراستن دەکات، باس لە دۆخی ناوچەکە و هێرشە داگیرکارییەکان دەکات.

سۆرگوڵ شێخۆ

 

حەسەکە-  لە دژی هێرشە داگیرکارییەکانی سەر باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا هەموو کەسێک خۆی چەکدار کردووە و بۆ پاراستنی خاک و کەرامەتی خۆی لە تێکۆشاندایە، هاوکات هێزەکانی پاراستنی کۆمەڵگە-ژن لە دژی هەڕەشەی هێرشی نوێی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر لە ناوچەی زرگانی کانتۆنی حەسەکە لە ئامادە باشیدان.

 

مەریەم قاسمی ٤٤ ساڵ، بەڕێوبەری هێزەکانی پاراستنی کۆمەڵگە-ژن لە زرگان کە ماوەی پێنج ساڵە کاری پاراستن دەکات، باس لە دۆخی ناوچەکە و هێرشە داگیرکارییەکان دەکات و وتی: ناحیەی زرگان بە چڕی بۆردومانکراوە و دەزگا و ناوەندەکانی خزمەتکردن بە کۆمەڵگە و ماڵی هاوڵاتیان بۆردومان و وێران کراون و زیانیان پێگەیشتووە، هاوکات هاوڵاتیانی مەدەنی و منداڵ و ژنان برینداربوون و گیانیان لەدەستدا، سەرەڕای هەموو هێرشە دڕندانەکان گەل لێرەن و بەرخۆدان دەکەن، دەنگۆی ئەوە بڵاودەکرێتەوە کە زرگان چۆڵکراوە، ئەو هەواڵانە ڕاست نین، بەڵکو ئامانجیان چۆڵکردنی هەرێمەکە و هەڵگیرسانی شەڕێکی تایبەتە، تۆپاران کاتژمێرێک دەخایەنێت، بەڵام هەموو شتێکی تر وەک جاران دەگەڕێتەوە و درێژە بە ژیانی ئاسایی خۆمان دەدەین و لە دەزگا و ناوەندەکانماندا خزمەتی گەلەکەمان دەکەین، خەڵک لەسەر شەقامەکانن و لە فرۆشگاکانیاندان و ئەوانەی زانیاری نادروست بڵاو دەکەنەوە ئامانجیان سەرلێشێواندن و بڵاوکردنەوەی ترسە بەناو خەڵکدا.

 

مەریەم قاسم، وەک دایکی شەهید باران ئاماژەی بەوەدا کە دەستبەرداری چەک و بەڵێنەکەی نابێت و ڕێگە بە داگیرکاریی نادات، دەشڵێت: یەکێک لە کوڕەکانم لە سەرێکانی لە هێرشەکانی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ گیانی بەختکرد و خۆی کردە قوربانی خاکەکەی، منیش وەک دایکی ئەو شەهیدە لێرە پاراستنی خاکی زرگان و کۆمەڵگەکەم دەکەم، چونکە ئەمڕۆ بەڵێنەکەیان جێبەجێ دەکەین و دەگەینە دۆزەکەیان دەگەیەنینە ئامانج، تەمەن بۆ پاراستن دیاریکراو نییە، ئێمە لەم تەمەنەدا لە پشت شەڕڤانانمانەوە دەبین، شەڕڤانانی ئێمە لە بەرەی پێشەوە بەرگری دەکەن ئێمەش لەناو شارەکاندا پاراستن دەکەین، ئێرە خاکی ئێمەیە، وڵات وڵاتی ئێمەیە، هیچ شتێکی داگیرکەران لای ئێمە نییە تا هێرشمان بکەنە سەر.