شاندی نێودەوڵەتی گەنجان سەردانی کۆنگرەی ستاریان کرد
شاندی نیودەوڵەتی گەنجان کە هاتوونەتە باشووری کوردستان بە ئامانجی چوونە ڕۆژئاوای کوردستان سەردانی کۆنگرەی ستاریان کرد.

سلێمانی
شانێکی نێودەوڵەتی گەنجان کە پێکدێن لە کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووس، چالاکوان و گەنجانی شۆڕشگێڕی ئەوروپی بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر و هەوڵدان بۆ ڕاوەستاندنی هێرشەکان هاتوونەتە باشووری کوردستان و لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا سەردانی قەندیلیان کرد و شوێنی بۆردومانی فرۆکەکانی دەوڵەتی تورکیایان بەسەرکردەوە.
ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی سەردانی ڕێکخراوی کۆنگرەی ستاریان کرد و لەلایەن لەیمان شویش، نوێنەری ڕێکخراوەکە پێشوازییان لێکرا.
لە کۆبوونەوەیەکدا شاندی نێودەوڵەتی گەنجان ئامانجی خۆیان لە هاتنە باشووری کوردستان و سەردانی ڕۆژئاوای کوردستان خستەڕوو، هەردوولا باسیان لە مەترسییەکانی هێرشی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر کرد و پلانەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ داگیرکردنی باشوور و ڕۆژئاوای کورستان خرایەڕوو.
زاخاشپید، گەنجێکی ئەڵمانییە و لەگەڵ شاندەکەدا بە نیازبوون لە دەروازەی فیشخاپورەوە بچنە ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵام لەلایەن پەدەکەوە ڕێگریان لێکرا، وتی: دەمانەوێت بچینە ڕۆژئاوای کوردستان لە دیموکراتی و پێکەوەژیانی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا هەیە فێرببین، دەشمانەوێت پشتیوانی هێزەکان بین لە ڕۆژئاوای کوردستان و لە نزیکەوە شۆڕشی ژن ببینین کە چۆن گۆرانکاری لە ناوچەکەدا کردووە و بتوانین هەمان سیستمی ڕۆژئاوای کوردستان لە وڵاتانی دیکە بنیاد بنێین.