دوای چوار ساڵ یەکەم یادکردنەوە: دادپەروەری لە ژێر زەوی دایە

حاجی ئەسڤەت و عادل و جەلال شەنیاشاری کوڕی لە پەرسوس کۆمەڵکوژ کران، دوای چوار ساڵ ئەمڕۆ یەکەم یادکردنەوەیان ڕێکخرا.

ڕەحا

 

حاجی ئەسڤەت و عادل و جەلال شەنیاشاری کوڕی لە ١٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨دا لەلایەن پاسەوانان و کەسوکاری ئیبراهیم خەلیل یەڵدزی پەرلەمانتاری ئاکەپەوە لە ناوچەی پەرسوسی ڕەحا کۆمەڵکوژکران، ئامینە شەنیاشار لە بەردەم دادگای ڕەحا لەگەڵ فەرید شەنیاشاری کوڕی چالاکیی ئێشکگری بۆ دادپەوەرییان لە ٩ی ئازاری ٢٠٢١ەوە دەستی پێکردووە، ئەمڕۆ لە ٤٦٣ەمین ڕۆژیدا بەردەوامە.

 

ئەمڕۆ ساڵیادی کۆمەڵکوژییەکە بوو، لەسەر گۆڕی هەرسێکیان مەراسیمی یادکردنەوەی کۆمەڵکوژییەکە بە بەشداری پەرلەمانتارانی هەدەپە و ڕێکخراو و کۆمەڵەکانی ڕەحا بەڕێوەچوو، بەڵام پۆلیس ڕێگەی نەدا کە جگە لە بنەماڵەی شەنیاشار کەس بچێتە ناو گۆڕستانەکە. ئامینە شەنیاشار داوایکرد کە ڕێگەبدرێت مەراسیمەکە بە بەشداری هەمووان بەڕێوەبچێت ئەگەرنا لەبەردەم گۆڕستان تا ڕێگەیان پێدەدرێت دادەنیشێت.

 

دوای تێپەڕینی ٣٠ خولەک ڕێگەدرا کە یادەکە بە بەشداری هەمووان بەڕێوەبچێت، فەریت شەنیاشار لە مەراسیمەکەدا وتارێکی پێشکەشکرد و وتی" ماوەی چوار ساڵە ماتەممان نەگێڕاوە، هەرکات دادپەروەری پێکهات ئەوکاتە تەعزێ دادەنێین".