٪٣٧ی منداڵانی عێراق لەژێر هێڵی هەژارییەوەن
سەرۆکى دەستەى مافى مرۆڤى هەرێمى کوردستان ئاماژەی بە دۆخی منداڵانی عێراق و هەرێمی کوردستان دا و وتی: یەکێک لە کێشەکان بەشوودانی منداڵانە کە دەبێت چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە، بەپێی یاساش خەتەنەی منداڵانی کچ تاوانە.
ناوەندی هەواڵ
لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ئەمڕۆ، ١٢ی حوزەیران ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی کارکردنی منداڵ، مونا یاقو، سەرۆکى دەستەى مافى مرۆڤى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند کە عێراقە یەکێکە لە ١٠ مەترسیدارترین وڵاتانی جیهان بۆ ژیانی منداڵان و بەپێی ڕاپۆرتەکان لە ٪٣٧ی منداڵان لە ژێر هێڵی هەژارییەوەن، یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی عێراقیش دۆخی منداڵی کچ و بەشوودانی منداڵانە کە پێویستە چارەسەر بکرێت.
مونا یاقو لە کۆنگرەکەیدا وتی: لە دەستوورى عێراقدا، کە لەساڵى ٢٠٠٥ دا دەرچووە کۆمەڵێک ماف بۆ منداڵان دیاریکراوە، بەڵام بە کردار ئەو مافانە جێبەجێ ناکرێت، بۆ نمونە لە ماددەى ٣٠ دا هاتووە، کە پێویستە حکومەت دۆخێکى ئابووریى و شوێنى نیشتەجێبوونى شایستە بۆ سەرجەم خێزانەکان دابین بکات، بەڵام ئەم ماددە تەنها لەسەر لاپەڕە بوونى هەیە.
بەپێی یاسا خەتەنەکردنی منداڵانی کچ تاوانە
سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان، یاساکانی تایبەت بە منداڵانی کرد و وتی: هەرچەندە لە یاساى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژیى دژى خێزانى ژمارە ٨ ى ساڵى ٢٠١١دا هاتووە، خەتەنەکردنى ژنان تاوانە، بەڵام تا ئێستا بوونى هەیە و ئەنجام دەدرێت، هەروەها لە هەرێم یاساى کارکردنى منداڵان بوونى هەیە، کە تێیدا هاتووە، نابێت منداڵانى خوار تەمەنى ١٥ ساڵ کاربکەن، بەڵام ڕۆژانە دەبینین منداڵى تەمەن ١٠ یان ١٢ ساڵ تەنانەت لە شوێنى مەترسیداریش کار دەکەن و پێشم وایە منداڵى تەمەن ١٤ ساڵ لە یانەى شەوانە کار دەکەن.
مونا یاقو دەرۆزەکردنیشی بە یەکێک لە کێشەکان دانا، لەکاتێکدا بەپێی بڕگەى دووەمى ماددەى ٣٠٩ ژمارە ١١١ لە یاساى سزادانى عێراقى لە ساڵى ١٩٦٩ دەرۆزەکردنى منداڵان تاوانە، بەڵام ڕۆژانە لە ترافیک لایەتەکاندا منداڵان دەرۆزە دەکەن.