یوسرا ڕەجەب: پلانی دوای ٢٠٢٤ی عێراق داڕێژراوە

یوسرا ڕەجەب لەبارەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوەدەدات کە موقتەدا سەدر کاری بە پەرلەمان نەماوە و دەشڵێت: بەو پلانەی بۆ دوای ٢٠٢٤ی عێراق هەیە دۆخی کورد باشتر نابێت لە ئێستا.

ناوەندی هەواڵ

 

یوسرا ڕەجەب، ئەندام پەرلەمانی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق، کە تا ئێستا سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی عێراقی تێدا هەڵنەبژێردراوە، ئاماژە بەوەدەدات کە تەمەنی خولی پێنجەم لە خوڵی چوارەم کورتتر دەبێت، دەشڵێت: بەوپێیەی بەریتانیا عێراق بە پشکی خۆی دەزانێت هۆشداری داوەتە دەوڵەتانی دەستوەردێر لە کاروباری ناوخۆی عێراق وەک، ئێران، تورکیا و ئیمارات و ئەمریکا کە عێراق بۆ بەریتانییەکان بەجێبهێڵن.

 

یوسرا ڕەجەب لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی وەها دەنووسێت:

"به‌داخه‌وه‌ ته‌مه‌نی خولی پێنجه‌می ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كورتتر ده‌بێت له‌ خولی چواره‌م، ئاشكرایه‌ به‌ڕێز سه‌ید موقته‌دا سه‌در دوای ده‌ركردنی یاسای ئاسایشی خۆراك كه‌ له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ ده‌توانرێت هه‌ندێ پاره‌ خه‌رج بكرێت بۆ به‌ڕێوه‌بردنی حكومه‌ت هه‌تاكو ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنێكی پێشووه‌خت، ئیتر كارێكی ئه‌وتۆی نه‌ماوه‌ به‌ ئه‌ندامانی ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مان، بۆیه‌ فه‌رمانیدا به‌ ئه‌ندامانی فراكسیۆنه‌كه‌ی "ده‌ست له‌ كاركێشانه‌وه‌ بنووسن" و ئاماده‌بن كه‌ی فه‌رمانی پێكردن ئه‌وانیش بیخه‌نه‌ به‌رده‌ستی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان.

 

بەریتانیا بە‌وپێیه‌ی عێراق به‌ پشكی خۆی ده‌زانێت كه‌ پێشتر "ژێر ده‌سته‌ی بووه" هۆشداری داوه‌ته‌ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی ده‌ستێوه‌ردان له‌ كاروباری ناوخۆی عێراق ده‌كه‌ن وه‌ك ئێران و توركیا و ئیمارات، ته‌نانه‌ت ئه‌مریكایشی ئاگادار كردووەتەوە كه‌وا له‌ دوای ساڵی ٢٠٠٣وه‌ هه‌تا ئێستا نه‌تانتوانیوه‌ عێراق بخه‌نه‌ سه‌ر ڕێڕه‌وی خۆی، به‌ڵكو ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ ئێران زیاتر كۆنتڕۆڵی كردووه، بۆیه‌ چیتر عێراق بۆ ئێمه‌ جێبهێڵن.

 

عێراق به‌ره‌و گۆڕانكاری گه‌وره‌ هه‌نگاو ده‌نێت له‌ پێش هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٨ له‌ "له‌نده‌ن" كۆبوونه‌وه‌ به‌ ئه‌و هێزه‌ نه‌یارانه‌ی حزبه‌ باڵاده‌سته‌كانی ئه‌وكاته‌ی عێراق كراوه‌ و نه‌خشه‌ی حوكمڕانی بۆ ساڵه‌كانی دوای ٢٠٢٤ دانراوه، ڕه‌نگه‌ بپرسن ئه‌ی دۆخی كورد چی ده‌بێت؟

وەڵام ئه‌وه‌یه‌ :-به‌داخه‌وه‌ هیچ كات له‌ ئێستا باشتر نابێت به‌ تایبه‌ت له‌ كه‌ركوك."

 

ئەمە لەکاتێکدایە، کە تادێت پلانگێڕییەکان لەسەر عێراق، باشووری کوردستان و کوردستان بەگشتی زیاددەکەن و بە نزیکبوونەوە لە کۆتایی پەیماننامەی ١٠٠ ساڵەی لۆزان دەوڵەتی تورکیا بە گڵۆپی سەوزی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا بەردەوام هێرش دەکاتە سەر سەروەری خاکی عێراق و سوریا، دوێنێش، ٩ی حوزەیران موقتەدا سەدر، ڕابەری ڕەوتی سەدر، داوای لە پەرلەمانتارەکانی کرد نامەی دەستلەکارکێشانەوە بنووسن و چاوەرێی بن تا فەرمانی پێشکەشکردنی بە سەرۆکایەتی پەرلەمان بدات.