ڕۆژنامەنووسانی دەستگیرکراو لە ژووری تاکەکەسیدا زیندانی کراون
بڕیاری سنوردارکردنی دۆسیەی ٢١ ڕۆژنامەنوسی دەستبەسەرکراو لە ئامەد بەردەوامە، زانراوە کە ئەو ڕۆژنامەنووسانە دوو ڕۆژە لە ژووری تاکەکەسیدا زیندانی کراون.
ئامەد
پۆلیسی دەوڵەتی تورکیا ئۆپەراسیۆنی پاکتاوی سیاسی بەڕێوەدەبات و بۆ ئەوەش لە باکووری کوردستان هەڵدەکوتێتە سەر چالاکوانانی ژن، ئەندامانی هەدەپە و ڕۆژنامەنووسان، دەستگیریان دەکات و دەست بەسەر کەلوپەلەکانیشیاندا دەگرێت.
بەرەبەیانی ڕۆژی ٨ی حوزەیران، پۆلیسی تورکیا بە فەرمانی داواکاری گشتی ئامەد، هەڵیانکوتایە سەر ماڵی چەند ڕۆژنامەنووسێک، لەوانە، هاوسەرۆکی کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلە فورات، سەردار ئاڵتان، بەڕێوەبەری ژن نیوز، سەفیە ئەلەگاش، سەرنوسەری ژن نیوز، گوڵشەن کۆچۆک، سەرنوسەری ئاژانسی میزۆپۆتامیا عەزیز ئۆروچ و ڕۆژنامەنووس عومەر چەلیک، سوعات دۆگوهان، ڕەمەزان گەجیکەن، بێریڤان کاراتۆراک، ئەسمەر تونچ، نەشە تۆپراک و زەینەل ئەبیدین بولوتم مەزلوم دۆغان گولەر، محەمەد شاهین، ئەلیف ئونگور، ئیبراهیم کۆیونجو، ڕەمزیە تەمەل، محەمەد یاڵچین و عەبدولڕەحمان ئۆنجو دەستگیرکران، لەو چوارچێوەیەشدا فەیناز کۆچوک لە گەبزە دەستبەسەر کرا.
هاوکات کاتژمێر ٣:٠٠ی بەرەبەیانی ڕۆژی ٨ی حوزەیران پۆلیس هەڵیکوتاوەتە سەر ئۆفیسی ئاژانسی ژن نیوز و کەلوپەلەکانیان تێکداوە و کۆمپیوتەرێک و چەند ئامێرێکی دیکەیان دەستبەسەردا گرتووە، هەروەها ڕۆژنامەی یەنی یەشام و گۆڤارەکانی ژنۆلۆژی و چەندین پەرتوکی دیکەیان بردووە.
ئەو ڕۆژنامەنووسانە لە بەڕێوبەرایەتیی دژەتیرۆری بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی ئامەد ڕاگیراون و بڕیاری سنوردارکردنی دۆسیەکانیان بەردەوامە، زانراوە کە ئەو ڕۆژنامەنووسانە ماوەی دوو ڕۆژە دەستبەسەرکراون لە ژووری جیاوازی تاکەکەسیدا لە بەڕیوەبەرایەتی دژەتیرۆر زیندانی کراون.