شەهبا، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا شەرمەزار کرا
بەڕێوەبەری خۆسەری هەرێمی عەفرین بە بەیاننامەیەک هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیایان شەرمەزار کرد و ڕایانگەیاند، "بەڵێن بە شەهیدان و گەلەکەمان دەدەین دژی هێرشەکان دەوەستینەوە و خاکی خۆمان دەپارێزین".
شەهبا
بەڕێوبەرایەتی خۆسەری هەرێمی عەفرین لە کامپی بەرخۆدان لە کانتۆنی شەهبا بە دروشمی "گۆڕینی دیمۆگرافی و دووبارە نیشتەجێکردنەوە تاوانێکە لە دژی خەڵکی ناوچەکە و مێژووەکەیان" بەیاننامەی ڕێکخراو و ناوەندەکانی خۆبەڕێوەبەریان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا خوێندەوە و وێنەی کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورکیایان بەرز کردەوە.
بێریڤان خەلیل، هاوسەرۆکی دەستەی پەروەردەی هەرێمی عەفرین، بەیاننامەکەی خوێندەوە و ئاماژەی بەوەدا، دەوڵەتی تورکیا لە هەوڵی ئەوەدایە کە ناکۆکییە نێودەوڵەتییەکان و تراژیدیای خەڵک بەکاربهێنێت و گەلانی تورکیا کە لە قەیرانی سیاسی و ئابووریدا دەژین، بێدەنگ بکات، دەوڵەتی تورکیا لە ڕێگەی گروپە چەکدارەکانییەوە تاوانی گەورە دژی گەلی کورد ئەنجامدەدات و دەیان چەتەی بۆ ناو خاکی سووریا ڕەوانە کردووە کە دەیەوێت باکووری سووریا داگیر بکات.
هەروەها بێریڤان خەلیل، وتیشی: دەوڵەتی تورکیا بەم هێرشانە پێشێلی مافەکانی مرۆڤ دەکات و سروشت و شوێنە مێژووییەکانی عەفرین تاڵان دەکات، فاشیزمی ئەردۆغان بەوانەشەوە نەوەستاوە و لەلایەن زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و عەرەبەوە هەوڵ دەدرێت دیمۆگرافیای عەفرین بگۆڕدرێت.
"دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت ٣٠ کیلۆمەتر بێتە خاکەکەمان"
نەهلە عیسا، هاوسەرۆکی کامپی بەرخۆدان، ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای کرد بۆ سەر هەرێمەکە و وتی: دەوڵەتی تورک بەردەوامە لە هەڕەشە و هێرشەکانی دژی خەڵکی عەفرین لەناو شەهبا و کردەوەی نامرۆڤانە ئەنجام دەدات، ئێمە ڕۆژانە لە ژێر تۆپبارانی دەوڵەتی تورکیاداین، بەم دواییانە ڕایگەیاندووە، کە دەیانەوێت ٣٠ کیلۆمەتر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا داگیر بکەن و بیخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە، ئامانجی ئەو هێرشانە جێهێشتنی کوردە بە بێ ناسنامە.
"هێرشەکان بە بەرچاوی جیهانەوە ئەنجام دەدرێن"
هاجەر حەسەن، ئەندامی کۆمیتەی پەروەردەی کامپی بەرخۆدان هەڵوێستی خۆی لەسەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دەربڕی و وتی: "ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەکدا هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە دژی هەرێمەکەمان شەرمەزار کرد، دەوڵەتی تورک لەژێر ناوی ناوچە ئارامەکان دەسەڵاتی خۆی لە سوریا بەرفراوانتر دەکات، ڕۆژانە بە تۆپباران هێرش دەکاتەسەر شەهبا، ئەمڕۆ لە عەفرین خەڵک ڕووبەڕووی توندوتیژی و کۆمەڵکوژییەکی گەورە دەبنەوە، ئەم هێرشە بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە ئەنجامدەدرێت و هەموو ڕۆژێک تاوانەکانی دەوڵەتی تورک دۆکیومێنت دەکرێن، بەڵام دەوڵەتانی نێودەوڵەتی بێدەنگن لەو دڕندەییە ئێمە وەک گەلی عەفرین واز لە تێکۆشانمان ناهێنین و بەردەوام دەبین لە بەرخۆدانی خۆمان.