"یەکسانی هاوڵاتیان لە ماف و ئەرکدا ئامانجی ئێمەیە"
کۆنفرانسی دیالۆگی لوبنانی-کوردی بە دروشمی "بەرەو ژیانی هاوبەش و هاونیشتیمانی یەکسان" بەڕێوەچوو، ژنان باس لە ئامانجی کۆنفرانسەکە دەکەن کە یەکسانی هاوڵاتیان و پێکەوە ژیانی دیموکراتیانەیە.
کارۆلین بزی
بەیروت- ٢٩ی ئایار لە بەیروتی پایتەختی لوبنان، کۆنفرانسی دیالۆگی لوبنانی-کوردی بە دروشمی "بەرەو ژیانی هاوبەش و هاونیشتیمانی یەکسان" بە مەبەستی پتەوکردنی پەیوەندی نێوان پێکهاتەکان و گفتوگۆ لەبارەی پێکەوەژیان و دیموکراسی، بە بەشداری کۆمەڵێک سیاسەتمەدار و نووسەر و ئەکادیمیی کورد، عەرەب، سوریانی و ئەرمەن بەڕێوەچوو، تێیدا مێژووی پەیوەندی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت کورد و لوبنانی باسکرا، هاوکات کێشە و قەیران و هۆکارەکان خرانەڕوو، وەک چارەسەریش پتەوکردنی پەیوەندی نێوان پێکهاتەکان و پێکەوەژیانی دیموکراتییانە پێشنیار کرا.
حەنان ئەلشەعر، مامۆستای زانکۆ و توێژەری سیاسی، لەبارەی کۆنگرەکەوە وتی: دۆزی کورد دۆزێکی ڕەوایە و پێویستە دەوڵەتی لوبنان بەجدی مامەڵەی لەگەڵدا بکات، بەتایبەتی ئەوانەی کەخەڵکی بەرهەمدار و کارکەرن و بەشداریان لەژیانی کۆمەلایەتی و سیاسیدا کردووە، هەژماری دەنگدەرانی کورد لە ناوچەی دووەمی بەیروت ٧ هەزار دەنگدەرە، بۆیە مافی ئەوەیان هەیە نوێنەرایەتی سیاسی بکەن وەک مەسیحی و عەلەوی لە تەرابلوس و کەمینە مەسیحییەکانی ئاککار، لەبەرئەوەی دەبینین کە مافی کوردانە لە لوبنان نوێنەرایەتی سیاسییان هەبێت لەگەڵ مافە کۆمەڵایەتییەکەیاندا.
زەینە ئەلکەلاب، پارێزەری لوبنانی، باسی لە گرنگی کۆنفرانسەکە کرد و وتی: لە لوبنان داوای ژیانێکی هاوبەش دەکەین، بەڵام هەندێکجار کەمینەکان لەبیردەکەین و بۆیە باشە پشتیوانی یەکتر بکەین، بەڕای من چارەسەر دەبێت لە ڕێگەی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە بێت و هەفتەیەکی تەواو بێت بۆ باسکردنی کورد و مەسەلەی کورد چ لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە چ لە ڕێگەی میدیاکانی لوبنانەوە.
ئەو پارێزەرە باسی لە ڕۆڵی ژنان کرد لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و وتی: ئەوە مۆدێلێکە کە دەبێت هەموومان شانازی پێوە بکەین، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە ئەم مۆدێلە ڕوون نییە و زۆربەی خەڵک هیچ شتێک لەو بارەیەوە نازانن، ژنان لەکۆمەڵگەی کوردیدا زیاتر توانیویانە کەسایەتی خۆیان بەدەستبهێنن وەک ژنانی کۆمەڵگاکانی تر، مۆدێلی ژنان لە خۆبەڕێوەبەریدا پێگەی زۆری هەیە و لە پۆستەکانی بڕیارداندا گەیشتووەتە یەکسانی، بەڵام هێشتا ژنان لە لوبنان نەگەیشتوونەتە پلە و پایەی بڕیاردانی دروست، بۆ ئەوەش پێویستە گفتوگۆ لە ئاستی خێزانەوە دەستپێبکرێت تا بتوانین هەنگاوی زیاتر بەرەو ئەو مۆدێلە بنێین.
مەقبولە قەیس، چالاکوانی کۆمەڵەی خێرخوازی، ستایشی سەرکەوتنی کۆنفرانسەکەی کرد و وتی: لە کۆنفرانسەکەدا پێش هەموو شتێک پرسی ژنان تاوتوێ کرا، چونکە ژنان لە ژیان و کێشە سیاسی و کۆمەلایەتییەکان دانەبڕاون، هەروەها بەشداربووان باسیان لە مێژووی پەیوەندی کورد و لوبنانی کرد و گفتوگۆی لەبارەوە کرا، ئەم گفتوگۆیەش لە نێوان هەردوو لایەندا بە گرنگییەوە بەڕێوەبرا.
نەتەوی غەمگین، ئەندامی ڕێکخراوی کۆنگرەی ستاری لوبنان، تیشکی خستە سەر مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان گەلی لوبنان و کورد و وتی: پێویستە دروستکردنی ئەو پەیوەندییانە لەسەر بنەمای دیموکراسی و یەکسانی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە لوبنان بێت، دەبێت هەموو کەسێک لەم وڵاتەدا سەرەڕای ناسنامەی جیاواز بەرپرسیارێتی بگرێتە ئەستۆ، ئەرکی ئەم وڵاتە دەکەوێتە ئەستۆی هەموو هاوڵاتیەکی کورد و عەرەب و سریانی و ئەرمەنی کە تێیدا ژیان دەکەن، نمونەی ژنانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا دەبینین کە پارێزگاری لە خاکەکەیان دەکەن و کۆمەڵگاکەیان دەپارێزن لە دامودەزگا گشتیەکان و سیاسەت و هەموو بوارەکاندا بەشدارن ژنان نموونەن بۆ پاراستنی خاک و کۆمەڵگاکەیان و تەنانەت پاراستنی ژنان و دەبێت لێرەش ژنان ڕۆڵی خۆیان بگێڕن.
حەنان عوسمان، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی کلتوری و کۆمەڵایەتی نەورۆز، وتی: ئێمە گەلێکین سەدان ساڵە ستەممان لێکراوە، مافەکانمان لەسەر خاکەکەمان لێ زەوتکراوە، بەڵام لە لوبنان، ئەو وڵاتە دێموکراسی و شارستانییەی کە بە دەیان نەتەوە و میللەتی لە باوەشی گرتووە کە بە هۆی زۆردارییەوە شارەکەیان جێهێشتووە وەک ئەرمەنەکان، ئێستا نوێنەریان لەناو ئەنجومەن و حکومەتدا هەیە، بەڵام گەلی کوردی-لوبنانی قبوڵ نەکراون، ئەمڕۆ ئێمە تیشکمان خستەسەر ئەم کێشانە و پرسیارمان کرد کە بۆچی کورد لە لوبنان ئەو مافەیان نییە کە پێویستە بیاندرێتێ.