شوێنەوارێکی ٧ هەزار ساڵە لە سۆران دۆزرایەوە

شوێنەوارێکی ٧ هەزار ساڵە لە ناوەندی شارۆچکەی سۆران دۆزرایەوە و ماوەی دوو هەفتەیە کاری هەڵکۆڵینەکەی بەردەوامە.

ناوەندی هەواڵ

 

تیمێكی زانكۆی ئۆتۆنۆمی بەرشەلۆنەی ئیسپانیا بە هەماهەنگی و هاوكاری بەشی شوێنەواری زانكۆی سەڵاحەدین و بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سۆران، ماوەی دوو هەفتەیە كاری هەڵكۆڵین لە گردی بانەهێلك لە سەنتەری شارۆچكەی سۆران ئەنجام دەدەن و لەو گردەدا بۆ پێنجەمین جارە هەڵکۆڵین دەکرێت، چەندین پارچەی جیاوازی شوێنەواریشی تێدا دۆزراوەتەوە.

 

شوێنەواری گردی بانەهێلك لە ساڵی ١٩٥٤ لەلایەن تیمی شوێنەوارناسی زانكۆی شیكاگۆی ئەمریكی دۆزراوەتەوە و كاری هەڵكۆڵینی بۆكراوە، ماوەیی ٥ ساڵیشە تیمی زانكۆی ئۆتۆنۆمی بەرشەلۆنەی ئیسپانی گرێبەستیان لەگەڵ بەشی شوینەواری زانكۆی سەڵاحەدین و بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سۆران هەیە و كاری تێدەكەن.

 

شوێنەوارەکە مێژووەکەی بۆ ٧ هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە، پارچەی كانزایی سەرەتیر و مستیلە، هەروەها گۆزەی سەردەمی ساسانیەكان و سەردەمی حەلەفی تێدا دۆزراوەتەوە، هەروەها بەردی ئۆفسید و ئێسكی ئاژەڵ و تەندور و كەندوشی تێدا بوو.