ژنانی هەدەپە ڕێگەی تێکۆشانیان دیاریکرد
ئەنجومەنی ژنانی هەدەپە ئەنجامنامەی چوارەمین کۆنفرانسی خۆی بە دروشمی "سوورین لەسەر ئازادی، لە تێکۆشاندا بە بڕیارین"، ڕاگەیاند.
ناوەندی هەواڵ
چوارەمین کۆنفرانسی ئاسایی ئەنجومەنی ژنانی پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە بە دروشمی "سوورین لەسەر ئازادی، لە تێکۆشاندا بە بڕیارین" کە دوو ڕۆژی خایاند، کۆتایی هات.
کۆنفرانسەکە لە ژووری ئەندازیارانی بیناسازی لقی ئەنقەرە بەڕێوەچوو، هاوسەرۆکی هەدەپە پەروین بوڵدان، وتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی هەدەپە ئایشە ئاجار باشاران، ئەندامانی ئەنجومەنی پارتی و ئەنجومەنی بەڕێوەبەری ناوەندی، هاوسەرۆکی دەبەپە ساڵحە ئایدەنیز، هاوسەرۆکی هەدەکە ئەسەنگول دەمیر، زۆرێک لە ژنانی پێکهاتە جیاوازەکانی هەدەپە و چالاکوانانی تەژەئە و دایکانی ئاشتی و ٣٠٠ ئەندام بەشداری کۆنفرانسەکە بوون.
ئەنجامنامەی کۆنفرانسەکە تیشکی خستووەتە سەر هێرشەکانی سیستمی پیاوی سەردەست و سەرمایەداری، کە لە جیهاندا قەیرانی لە کایەی سیاسی، ئابوری، ژینگەیی و کۆمەڵگەیی دروستکردووە، هەروەها هاتووە: ئەو شەڕەی ناوەندەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستانە، لە دوای داگیرکردنی ئۆکراینا لەلایەن ڕوسیاوە دەچێتە دۆخێکی دیکەوە، ئەو شەڕە لەلایەن دەسەڵاتدارانی جیهانی و هەرێمییەوە دژی تێکۆشانی ئازادی ژنان بەڕێوەدەبرێت.
هەروەها ئاماژە بەوەکراوە کە ڕێککەوتنەکانی ئاکەپە و مەهەپە لە دژی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان، فشارەکان زیاتر دەکات و دووبارە بۆ ئەوەی تەمەنی دەسەڵاتدارییان درێژ بکەنەوە دژی کۆمەڵگە و ژن سیاسەتی بێچارەسەری بەڕێوەدەبەن، لە پرسەکانی پەیوەست بە کوردەوە نکوڵی لە چارەسەری دیموکراتییانە دەکەن و بە نەبوو هەژماری دەکەن.
لە چەند خاڵێکدا ئەنجومەنی ژنانی هەدەپە ڕایانگەیاند کە لە هەموو کایەکانی ژناندا تێکۆشانیان بڵند دەکەن و دەبنە ڕێگر لەبەردەم توندوتیژی و هێرشەکانی سەر ژنان و کۆمەڵگەدا، هەروەها پەیمانی ئیستەنبوڵ کارا دەکەنەوە و تێکۆشان دەکەن تا زیاتر سیستمی هاوسەرۆکایەتی بچەسپێنن، لە بواری ژینگەیی و کۆمەڵگەیشدا خەباتی خۆیان پێشدەخەن و لە هەموو بوارەکاندا دەبنە دەنگی ژنان و تا سەرکەوتن و ئازادیی بەردەوام دەبن.