کۆنفرانسی ژنانی هەدەپە: ژنان تێکۆشانیان بڵندتر دەکەن

لە چوارەمین کۆنفرانسدا، ئەنجومەنی ژنانی هەدەپە گفتوگۆیان لەسەر ڕێ و ڕیبازی تێکۆشانی نوێ کرد و بڕیاریاندا خەبات و تێکۆشانیان بڵندتر بکەنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

چوارەمین کۆنفرانسی ئاسایی ئەنجومەنی ژنانی پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە بە دروشمی "سوورین لەسەر ئازادی، لە تێکۆشاندا بە بڕیارین" کە دوو ڕۆژی خایاند، کۆتایی هات.

 

کۆنفرانسەکە لە ژووری ئەندازیارانی بیناسازی لقی ئەنقەرە بەڕێوەچوو، هاوسەرۆکی هەدەپە پەروین بوڵدان، وتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی هەدەپە ئایشە ئاجار باشاران، ئەندامانی ئەنجومەنی پارتی و ئەنجومەنی بەڕێوەبەری ناوەندی، هاوسەرۆکی دەبەپە ساڵحە ئایدەنیز، ئهاوسەرۆکی هەدەکە ئەسەنگول دەمیر، زۆرێک لە ژنانی پێکهاتە جیاوازەکانی هەدەپە و چالاکوانانی تەژەئە و دایکانی ئاشتی و ٣٠٠ ئەندام بەشداری کۆنفرانسەکە بوون.

 

لە هۆڵی کۆنفرانسدا وێنەی سیاسەتمەداری زیندانیکراو ئایسەل توغلوک و ئەندامەی هەدەپەی تیرۆرکراو دەنیز پۆیراز و چەندین پانکارتی دیکەی دروشمی ئازادی ژنان، ژن ژیان ئازادی بە ١٨ زمانی جیاواز هەڵواسرابوون.

 

ژنان لە گفتوگۆکانیاندا بڕیاریاندا کە تێکۆشانێکی ڕێکخراو لە دژی گوشار و هێرشەکان بەڕێوەببەن و ژنان تێكۆشانی خۆیان بڵند بکەن، هەروەها ئەو بڕیارانەی لە کۆنفرانسەکەدا درابوون، پەسندکران و ژنان بە بەرزکردنەوەی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتاییان بە کۆنفرانسەکە هێنا.

 

لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەنجامنامەی کۆنفرانسەکە بۆ ڕایگشتی بڵاودەکرێتەوە.