بەیاننامەی هاوبەشی ڕۆژنامەوانان: بێدەنگی پشتگیرییە لە قڕکردنی کوردان

ڕۆژنامەوانان و ڕاگەیاندکارانی کورد بە بەیاننامەیەکی هاوبەش هەڵوێستی خۆیان دژی داگیرکاری خاکی کوردستان خستەڕوو، داواش دەکەن کە پەدەکە دەستبەرداری ئەم سیاسەتە بێت و هاوکاری دەوڵەتی تورکیا نەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

لەسەر ناوی دەیان دەزگای میدیایی لە چوار پارچەی کوردستان و یەکێتی ئەوروپا و فیدراسیۆنی ڕووسیا، کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووس و میدیاکار لە ناوەندی چاپەمەنی ئەوروپا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان ئەنجامدا و بە بەیاننامەیەکی هاوبەش هەڵوێستی ڕۆژنامەوانان و ڕاگەیاندنکارانی کوردیان دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و هێرشەکان خستەڕوو.

 

٤٠٠ ڕۆژنامەوان و ڕاگەیاندنکار لە بەیاننامەکەدا بەشدارن

لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا کە نزیکەی ٤٠٠ خەباتکاری دەزگا ڕاگەیاندنییەکان بە واژۆکانیان تێیدا بەشدارن، بە زمانی کوردی (کرمانجی-سۆرانی)، ئینگلیزی، فەرەنسی و عەرەبی لەلایەن دلێر ئاکرێی، هیوا ئاریان، هەڤاڵ ئەرسەلان، ئایسەل ئاڤێستا، سەلاحەدین ئێشیلداکەوە خوێندرایەوە و ئاماژە بەوەدرا، دەوڵەتی تورکیا لە هەموو شوێنێک شەڕێکی قورسی دژ بە گەلی کورد دەست پێکردووە و هەوڵەکانی چڕ کردووەتەوە بۆ لەناوبردنی ئەو گەلە، بەدیاریکراوی بۆ سەر ئەو شوێنانەی کە هێزەکانی ئازادی کوردستانی تێدایە و پێی دەگوترێت هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا.

 

لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە شەڕی دەوڵەتی تورکیا بە هاوکاری سەربازی و هێزە هەواڵگرییەکان بەڕێوەدەچێت و پەدەکە گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکردوون، سوپای تورکیاش لە هێرشەکانیدا چەکی کیمیایی بەکاردێنێت کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان قەدەغە کراوە.

 

دەوڵەتی تورکیا تاوانەکانی بە بەرچاوی جیهانەوە ئەنجام دەدات

هەر لە بەیاننامەکەدا باس لەوەکراوە، "دەوڵەتی تورکیا هەموو تاوانەکانی بە بەرچاوی جیهانەوە ئەنجامدەدات، کەچی ئەندامانی ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا لێی بێدەنگە، بۆیە ڕایگشتی کوردستان ئەم بێدەنگیە وەک پشتگیریکردن لە قڕکردنی گەلەکەی دەبینێت و سەرکۆنەی دەکات.

 

لە درێژەی بەیاننامەکەدا ڕۆژنامەوانان و ڕاگەیاندنکارانی کورد پاکتاوکردنی گەلی کورد لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە سەرکۆنە دەکەن و داواش دەکەن کە پەدەکە دەستبەرداری ئەم سیاسەتە بێت و هاوکاری دەوڵەتی تورکیا نەکات.

 

هەروەها داواش لە وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا دەکەن کە پاڵپشتی سەربازی، سیاسی و ئابوری بۆ ئەو دەوڵەتە رابگرن و دۆستان لە یەکێتی ئەوروپا و جیهان بەرامبەر بە شەڕی پاکتاوکاری دەوڵەتی تورک بوەستنەوە.