ڕاپۆرتێکی پەرلەمانی ئەڵمانیا پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا دەردەخات

بەپێی ڕاپۆرتێک کە لە پەرلەمانی ئەڵمانیاوە ئامادەکراوە، ئاماژە بەوەدەکات کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا پێشێلکارییە و پێچەوانەی ماددەی ٥١ی هاوپەیمانی نەتەوە یەکگرتووەکانە.

ناوەندی هەواڵ

 

هێرشەکانی ١٧ی نیسانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشوری کوردستان، کە تا ئێستا بەردەوامە، ڕۆژەڤی سەرەکییە و لە جیهانەوە، کوردان و ئازادیخوازان هەوڵی ڕاگرتنی هێرشە داگیرکارییەکان و هێنانەدی ئاشتی و سەقامگیری دەکەن.

 

ئەم هەوڵە لە پەرلەمانی ئەڵمانیاشدا دراوە، هاوکاتی هێرشی ١٧ی نیسان، لە دانیشتنی ٢٧ی نیسانی پەرلەمانی ئەڵمانیادا، ئانالینا بایربرۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە ئەنجومەنی فیدراڵی ئەڵمانیادا لە وەڵامی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان باسی لە پاراستنی ڕەوا کرد کە تورکیا مافی پاراستنی خۆی هەیە. لە بەرامبەردا پەرلەمانتاری پارتی چەپ، گۆکئای ئاکبولوت، ئاماژەی بەوەداوە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا هاوتای هێرشە داگیرکارییەکانی ڕوسیایە بۆسەر ئۆکراینا، بۆچی حکومەتی فیدراڵی ئەڵمانیا هەڵوێست نیشان نادات.

 

حکومەتیش وەڵامی داوەتەوە کە دەوڵەتی تورکیا بەپێی ماددەی ٥١ی پەیمانی نەتەوە یەکگرتووەکان و مافەکانی پاراستنی ڕەوا بەکاردێنێت.

 

پەرلەمانتار گۆکئای لە بەشی خزمەتگوزاری زانستی پەرلەمان بەدواداچوونی بۆ ئەو کردەوانەی دەوڵەتی تورکیا کرد، کە تا چەند بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، لە ڕاپۆرتێکدا کە دەست ئاژانسی فورات نیوز کەوتووە، دەرکەوتووە کە دەوڵەتی تورکیا پێشێلی یاساکان دەکات و پێچەوانەی ماددەی ٥١ی پەیمانی نەتەوە یەکگرتووەکانە.

 

چەند خاڵێکی ڕاپۆرتەکە بەم شێوەیەیە، کە ئەو هەواڵانەی لە میدیاکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیادا بڵاودەکرێتەوە ناڕاستن و چەواشەکاری تێدایە، هاوکات بەپێی قسەکانی دەوڵەتی تورکیا (کە بیانووی هێرشەکانی، بوونی پەکەکەیە) پەکەکە سەرەتا هێرشی کردووە، بەڵام لە ڕاپۆرتەکەدا دەردەکەوێت کە پەکەکە بە هیچ شێوەیەک هێرشی نەکردووە، دەوڵەتی تورکیاش مافی پاراستنی ڕەوای ماددەی ٥١ی پەیمانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە خاکی عێراق بەکاردەهێنێت، بەڵام پێشێلکارییە.

 

ماددەی ٥١ی نەتەوە یەکگرتووەکان چییە؟

لە ماددەی ٥١ی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کە تورکیا پشتی پێدەبەستێت دەڵێت: بۆئەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان هەموو ڕێوشوێنێک بگرێتەبەر بۆ ئاشتی و ئاسایش، ئەو وڵاتەی کە ئەندامە لە نەتەوە یەکگرتووەکان و هێرش کراوەتە سەری، مافی خۆپاراستنی هەیە تا زیانی پێنەگات، ئەو مۆڵەتەشی لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە پێدراوە.