لە ٢٤ کاتژمێردا؛ لە هەولێر و دهۆک دوو ژن لەلایەن هاوژینەکانیانەوە کوژران
لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا لە هەولێر و دهۆک ژنێکی تەمەن ٢٨ ساڵ و ٣٣ ساڵ لە دوو ڕووداوی جیاوازدا لەلایەن هاوژینەکانیانەوە کوژران.
ناوەندی هەواڵ
کوشتن و ناچار بە خۆکوشتنی ژنان تا دێت ڕوو لەزیادبوونە، ئەوەی جێی سەرنجە کەیسەکانی کوشتن و خۆکوشتنی گوماناوی لە دادگاکاندا ناگەنە ئەنجام، تەنها لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٢٧ ژن کوژراون، ناچار بەخۆکوشتن کراون یاخود بە گوماناوی کوژراون.
لە ١٠ ڕۆژی مانگی ئایاریشدا، لە چەمچەماڵ پیاوێک لە ڕۆژی جەژندا هێرش دەکاتە سەر ماڵی خەزوری و هاوژینەکەی و خوشکی هاوژینەکەی لەگەڵ دوو کەسی دیکەدا دەکوژێت، دایکی ژنەکەش بریندار دەبێت، لە ٧ی ئایاردا لە سلێمانی پیاوێک هێرش دەکاتەسەر هاوژینەکەی و بە نزیکەی ١٥ چەقۆ برینداری دەکات.
هەروەها ٥ی ئایار، پێنجشەممە، لە گەڕەکی پەنجا عەلی شاری کەرکوک، ژنێکی تەمەن ٤٩ ساڵ بە ناوی لەیلا ساڵح محەمەد لەلایەن هاوژینەکەیەوە "ناسر عەلی فەتاح" تەمەن ٥٠ ساڵ لە ماڵەکەی خۆیدا خنکێندرا.
لە هەولێر ژنێکی ٣٣ ساڵ کوژرا
دوێنێ، ٩ی ئایار، بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، ڕایگەیاند لە گەڕەکی تەعجیلی نوێ لە ناحیەی شەمامکی پارێزگای هەولێر، ژنێکی ٣٣ ساڵ بە ناوی بەهار زەکەریا فەتاح لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا، دواتر ا. ظ. م. تاوانبار لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا.
لە دهۆکیش ژنێکی ٢٨ ساڵ کوژرا
هەر ئەمڕۆ، ١٠ی ئایار، وتەبێژی پۆلیسی دهۆک ڕایگەیاند، لە گەڕەکی سەرهەڵدانی سەنتەری شاری دهۆک، ژنێکی تەمەن ٢٨ ساڵ، دایکی منداڵێک، لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هاوژینەکەیەوە خێکێندراوە، پۆلیس ئەوەشی ڕاگەیاند کە تۆمەتبارەکە تەمەنی ٣٢ ساڵە و بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی دەستبەسەرکراوە
بەپێی لێدوانەکانی پۆلیس کە لە تاوانەکانی کوشتنی ژنان ئاماژەی پێدەدرێت، ئەو ژنانە بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتی و شەڕی نێوان هاوژینەکانەوە کوژراون، چاودێران و چالاکوانانی بواری ژنان ئاماژە بەوەدەکەن کە کوشتن بە ناوی شەرەف، کێشەی کۆمەڵایەتی و نەخۆشی دەرونی تەنها بیانوون، بەڵکو بنەڕەتی کوشتنی ژنان دەگەڕێتەوە بۆ ئەقڵیەتی پیاوسالاری و دەسەڵاتداری، هەروەها بار و گوزەرانی خراپ و نەبوونی پەروەردەی دروست و سەروەر نەبوونی یاسا.