گوڵستان سەعید: دوای ٣٤ ساڵ لە ئەنفال سەرۆک جاشەکان دادگایی نەکراون

گوڵستان سەعید، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ساڵیادی جینۆسایدی ئەنفالدا دەڵێت زیاتر لە ٣٠ ساڵە نەمانبینی سەرۆک جاشەکان دادگایی بکرێن.

ناوەندی هەواڵ

 

گوڵستان سەعید، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لە ساڵیادی ئەنفالدا ئاماژە بەوەدەکات کە ئەنفال بەرچاوترین تاوانە بەرامبەر کورد کراوە بۆ لەناوبردن و سەرکوتکردنی بزووتنەوەی نەتەوەی کورد و بۆ سڕینەوەی مۆرکی نەتەوەیی، کەلتوری ، مێژوویی، کۆمەڵایەتی و ئابوری خەڵکی کوردستان.

 

گوڵستان سەعید لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردووەتەوە، "بە پشتیوانی جاشی سوک و مستەشاری فەوجە سوکەکان (خەفیفە) پەلاماری گوند و دێهاتەکانیان درا و خاپور و وێرانیان کردن و دانیشتوانە بێتاوانەکەیشیان لە بیابانەکانی عیراق زیندەبەچاڵ و گولەباران کردن و سامان و ماڵیشیان دابەشی سەر ماڵەجاشەکان کرا".

 

٣٤ ساڵ بەسەر ئەنفالدا تێپەڕی، ئەگەرچی لە دادگادا ناوی تۆمەتبارانی جینۆسایدی ئەنفال و جاش و مستەشارەکان دیاری کراوە، بەڵام تا ئێستا دادگایی نەکراون، ئەو ئەندامەی پەرلەمانیش دەڵێت: بەداخەوە بە شانازیەوە ئەو تاوانەیان ئەنجامدا، بەڵام دوای زیاتر لە ٣٠ ساڵ نەمانبینی لەسەر ئەو تاوانە گەورەیە سەرۆک جاشەکان دادگایی بکرێن، بۆیە بە پێویستی دەزانم سەرۆک جاشەکان لەسەر خیانەتی نیشتیمانی دادگایی بکرێن سزابدرێن و تاوانی ئەنفال بەجینۆساید بناسێنرێت لەجیهاندا، هەروەها قەرەبووی زیانلێکەوتوان و کەسوکاری ئەنفالکراوان بکرێتەوە".