کەرکوک، منداڵێک ئەشکەنجە دەدرێت و باوک و دایکی دەستگیردەکرێن
منداڵێکی دوو ساڵان لە شاری کەرکوک ئەشکەنجە دەدرێت و باوک و دایکی دووەمی دەستگیردەکرێن.

ناوەندی هەواڵ
ئێوارەی دوێنێ مەیار عومەر کازمی دوو ساڵان دەگەیەنرێتە نەخۆشخانەی ئازادی شاری کەرکوک، ئاسەواری لێدان و ئەشکەنجە و برین بە جەستە و ڕوویەوە دیاربوو، دوای لێکۆڵینەوەکان دەرکەت لەلایەن دایکی دووەمی مەیار عومەرەوە لێی دراوە و ئەشکەنجە دراوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی کەرکوک ڕایگەیاند بەهۆی ڕووداوەکەوە باوکی منداڵەکە و دایکی دووەمی دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکرد، بەپێی وتەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی کەرکوک مەیار عومەر کازم لە ئێستادا لە ژێر چاودێری پزیشکیدایە و لەلایەن چاودێری کۆمەڵایەتی و پۆلیسەوە دوو کەسی بۆ دابینکراوە بەردەوام لەگەڵیدا دەبن.
ڕاشیانگەیاند، تاوەکو منداڵەکە لە نەخۆشخانە نەچێتە دەرەوە هیچ بڕیارێک لەبارەی پێدانەوەی بە خێزانەکەی نادرێت.