لە چیاکانی ئەفغانستانەوە: تاڵیبان دوژمنی ژنانە

تەڤگەری دادپەروەریی ژنان لە چیاکانی ئەفغانستان داوای دەربڕینی ناڕەزایەتییان کرد دژ بە دوورخستنەوەی کچان لە قوتابخانەکان.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای دەستبەسەردا گرتنی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە، ژنان لە کایە جیاوازەکانی ژیان دوورخرانەوە و لە ماڵەکاندا قەتیس کران، دوا بڕیاریش کە لەلایەن تاڵیبانەوە درا، داخستنی قوتابخانەکانی کچان بوو، ڕێگری لە کچان کرا دەست بە خوێندن بکەن.

 

دژی قەدەغەکردنی قوتابخانە بۆ کچان تەڤگەری دادپەروەری ژنانی ئەفغانستان هەڵوێستی خۆیان خستەڕوو و لەسەر چیاکانی کابولی پایتەختی ئەفغانستان بە بەرزکردنەوەی پانکارتی "با کچان بخوێنن، مافی خوێندن پێشێل ناکرێت، تاڵیبان دوژمنی پەروەردەیە، تاڵیبان دوژمنی ژنە" نارەزایەتییان نیشاندا، هەروەها لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەیان بەوەدا کە تاڵیبان بە مەبەست پەروەردەی ژنان قەدەغە دەکات چونکە لە پەروەردەی ژنان دەترسن.

 

"تاڵیبان ناتوانێت مافەکانمان زەوت بکات"

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "ئێمە ژنانی ئەفغانی جارێکی دیکە دەڵێین؛ ژنانی ئەفغانی لە ڕێگەی گوتاری ڕەگەزگەرایی و جیاکارییەوە بەناوی ئاین و سەرپۆشکردنەوە دەستبەرداری مافی خوێندن نابین، کەس ناتوانێت لە زانست بێبەشمان بکات، تاڵیبان دەیان چالاکوانی ژنیان کوشت دەیانویست ئێمە بەو کۆمەڵکوژییانە بترسێنێت، ئێمە مافی خوێندنمان دەوێت واز لە ئازادییەکانمان بۆ خوێندن و کارکردن و بەشداریکردن لە کایەکانی ژیاندا ناهێنین،  تاڵیبان ناتوانێت مافەکانمان لێ زەوتبکات".

 

ت.پ