تورکیا و ئێران سنورەکانی هەرێمی کوردستان بۆردومان و تۆپباران دەکەن
فڕۆکەکانی تورکیا سنووری ئاکرێ و ئامێدییان بۆردوومان کرد و ئێرانیش سنوری سیدەکانی تۆپباران کرد.

ناوەندی هەواڵ
شەوی رابردوو فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورک سنووری گوندەکانی كورتكا و میرگهڕهشێی لە سنووری ناحیەی دینارتە بۆردومان کرد و لە سنوری قەزای ئامێدیش، لە شەوی ڕابردووەوە تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەند جارێک بۆردومانی بناری چیای مەتینا کراوە.
بۆردومانەکان زیانی گیانی نەبووە بەڵام ئاگر لە دارستانەکان کەوتووەتەوە و زیان بەر ژینگەی سروشتی ناوچەکە کەوتووە.
ئەم بۆردوومانە لە کاتێدایە کە سوپای پاسدارانی ئێران ئاماژەی بەوەکردووە ئۆپەراسیۆنێک لە هەرێمی کوردستان بە "ئاگرباران و تۆپباران" دەستپێدەکات و دوێنێ شەممە سنووری ناحیەی سیدەکانی تۆپباران کرد و لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی بەوە داوە، ئەوە سەرەتای ئۆپەراسیۆنەکەیان بووە.
باشوری کوردستان بەردەوام لەبەردەم هەڕەشەی تورکیا و ئێراندایە، ڕۆژانە بە تایبەت ناوچە سنورییەکان بۆردومان و تۆپباران دەکرێت و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هیچ هەڵوێستێکی نییە.