میشێل ئۆباما پشتیوانی خۆپیشاندانەکانی ئێران دەکات
میشێل ئۆباما خانمی یەکەمی پێشوتری ئەمریکا پشتیوانی خۆی بۆ خۆپیشاندەرانی ئێران ڕاگەیاند.

ناوەندی هەواڵ
میشێل ئۆباما دوێنێ ١١ی تشرینی یەکەم کە ڕۆژی جیهانیی منداڵانی کچە، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە بە ئازایەتی ژنانی ناڕازی لە ئێران دڵخۆشبووە و ئەوەی لە ناڕەزایەتییەکانیاندا داوای دەکەن، مافی گشتگیری ئەوانە.
میشێل ئۆباما هاوسۆزی و پشتیوانی خۆی بۆ ژنانی ئێران ڕاگەیاندو وتی: "ئیلهامبەخش بوون بۆ جیهان، مافی بڕیاردان لەسەر جلوبەرگ و ڕوخساریان و هەر ڕێگەیەک کە هەڵیبژێرن بۆ دەربڕینی ناسنامەی خۆیان، بەبێ ئەوەی هەڕەشەیان لێبکرێت و بە توندوتیژی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.
میشێل ئاشکرای کرد کە سەرسامە بە دەسەڵاتی پێشەنگایەتی ژنانی ئێران و خۆڕاگرییان بۆ دروستکردنی ئایندەیەک کە جیاواز بێت لە ڕابردوو و ژنانی ئێران لە هەموو مافەکانی خۆیان و ئەو دەرفەتانەی کە شایەنیانە بەهرەمەند بن.
میشێل ئۆباما بە ژنانی ئێران دەڵێت: "هەوڵەکانتان پەیامێکی گرنگی هەیە و ئەویش ئەوەیە کە نادادپەروەری تەحەمول نەکرێت. گومان لەوەدا نییە کە ڕۆژانی سەخت لە پێشە و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش هاوسۆزی خۆمان بۆ ئەو بنەماڵانە دەردەبڕین کە ئازیزانیان لە ئێران لە دەست داوە."