ئاماری ٦ مانگی توندوتیژی لە گەرمیان؛ ٦ حاڵەتی کوشتن تۆمار کراوە

 بەپێی ئاماری ٦ مانگی سەرەتای ئەمساڵی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە گەرمیان ٦ حاڵەتی کوشتن، ٨ حاڵەتی سووتان تۆمار کراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕووداوەکانی کوشتن و خۆکوشتن و توندوتیژی دژ بە ژنان بەردەوامی هەیە، سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ شایەدی گەلێک ڕووداوی دڕندانە بوو بەرامبەر بە ژنان، کە کۆمەڵگەی کوردی پێ هەژا، بەڵام تا ئێستا نەبینراوە کە دادگاکان و لایەنی پەیوەندیدار لە ئاست مەترسیداری دۆخەکەدا بە ئەرکی خۆیان ڕابن، ئامارەکانیش مانگانە بڵاوناکرێتەوە تا ڕێکخراوەکان و دەزگاکانی تایبەت بە مافەکانی ژنان کار و پڕۆژە و بنچینەی کارەکانیانی لەسەر دابڕێژن.

 

ئەگەرچی ٦ مانگ بەسەر تێپەڕینی نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢دا تێپەڕ دەبێت بەڵام بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی خێزان و ژنان ئاماری مانگانە و ٦ مانگی بڵاونەکردووەتەوە، قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی کوشتن و خۆکوشتنیش لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیرییەوە یەکێکی دیکەیە لە لێکەوتە خراپەکانی زیادبوون و شاردنەوەی توندوتیژییەکان.

 

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە گەرمیان لە میانی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕادیۆی دەنگ لە گەرمیان، لەبارەی توندوتیژییەکانەوە ئاشکرای کردووە لە ماوەی ٦ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ەوە ٦ حاڵەتی کوشتن تۆمار کراوە.

 

هەروەها ئەیوب حسێن، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوەداوە، ٤ حاڵەتی سووتان، ٣ حاڵەتی خۆسووتاندن و یەک حاڵەتی سوتاندنیش تۆمار کراوە.

 

هەر بەپێی ئامارەکانی خراوەتەڕوو، لە ماوەی ٦ مانگدا (کانوونی دووەم-حوزەیران) ٢ حاڵەتی لاقەکردن تۆمار کراون.

 

بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنانیش، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٢٩ ژن خۆیان سوتاندووە، ٣١ ژن نه‌چار به خۆکوشتن کراون، ٢٢ ژن کوژراون.