پڕۆژەی گوڵەبەرۆژە بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت ڕاگەیەندرا
ڕێکخراوی کەم ئەندامان بە هاوکاری قایمقامیەتی شاری هەڵەبجە، ڕۆژی جیهانیی ئۆتیزمی بەرز ڕاگرت.
هەڵەبجە
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە دیوانی قایمقامیەتی شاری هەڵەبجە بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی هۆشیاری ئۆتیزمەوە، پڕۆژەی گوڵەبەڕۆژە بۆ هاوکاریکردنی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت ڕاگەیەندرا و چەند چالاکییەک پێشکەش کرا.
نیان عەزیز، سەرپەرشتیاری دەروونی و کۆمەڵایەتی لە ڕێکخراوی نوێ وتی: ئەمرۆ پڕۆژەیەکی جیهانیمان بۆ هەڵەبجە ڕاگەیاند، کە ئەنجامی بەشداریکردنمانە لە کۆنفرانسێکدا لە وڵاتی نەمسا کە ناوی پڕۆژەکە گوڵەبەڕۆژەیە، ئەمەش بەو واتایەی کە کۆمەڵێک گرفتی نادیار وەک ئۆتیزم و ٩٠ جۆری تر لە نەخۆشی هەیە، کە تووشی توندوتیژی دەبنەوە، لە بارەیەوە هۆشیاری بڵاوبکەینەوە، بۆیە ڕێکخراوی کەم ئەندامان و قایمقامیەتی هەڵەبجە پڕۆژەکەیان ڕاگەیاندووە.
نیان عەزیز وتیشی: ئەم پڕۆژەیە لە ڕێگەی لیژنەوە دیاری دەکرێت و لۆگۆیەکی تایبەتیان پێدەدرێت، پاشان لە ڕێگەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە لۆگۆکان دەناسێنرێت، چونکە کۆمەڵێکی زۆر خەڵک هەیە کە بەهۆی گرفتە نادیارەکانەوە لە کۆمەڵگە دابڕاون و بەدەست کێشەکانەوە دەناڵێنن.
هەر ئەمرۆ لە چەندین چالاکی هەمەجۆردا هاوکاری کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە ڕووی مادییەوە کرا و چالاکی هونەری پێشکەش کرا.