مانای ڕاستەقینەی نەورۆز چییە و میدیاکانی باشوور چیان بەسەرهێناوە
هەرچەندە نەورۆز جەژنێکی نەتەوەیی پیرۆزی گەلی کوردە، واتای بەرخۆدان و تێکۆشانە، بەڵام میدیای باشووری کوردستان لە ڕۆژی نەورۆزدا بابەتی ڕۆژیان گەرم کردووە بەوەی، پیاوان چەند ژنیان هەیە و چێژی هێنانی ژنی دووەم و سێهەم و چوارەم چییە؟.
شنیار بایز
نەورۆز تاکە جەژنی نەتەوەیی گەلی کوردە، ڕۆژی تێکۆشان و بەرخۆدانی گەلێکە دژ بە ستەم و زۆرداری، ئەو ڕۆژەیە تیایدا کورد تێکۆشا لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی، تا ئێستا نەورۆز لەناو گەلی کورددا واتای ڕاستەقینەی خۆی ون نەکردووە و تا دێت یادکردنەوەی نەورۆز واتای بەرخۆدانی زیاتر و زیاتر دەکات و نەورۆز وەک سیمبولی ئازادی، تێکۆشان و خەبات پێناسە دەکرێت.
نەورۆز لە چوار پارچەی کوردستان
لە چوار پارچەی کوردستان ئەم جەژنە بەرز ڕادەگیرێت، تەواوی گەلی کورد بە ڕۆحێکی نەتەوەییەوە پێشوازی لێدەکەن، لەم ڕۆژەدا هیوادەخوازن بۆ ئازادبوون و یەکگرتنی چوار پارچەی کوردستان، وەستاندنەوە بەڕووی دوژمنان، خەبات و تێکۆشان دژی داگیرکاری و زوڵم و ستەم، نەورۆز هەموو ساڵێک لە سەرتاسەری کوردستان یادی دەکرێتەوە، بە شێوازی جیاواز پێشوازی لێدەکرێت، لە باکووری کوردستان و بەتایبە لە ئاهەنگی نەورۆزی شاری ئامەد دەیان هەزار کەس بەشداری کردنەوەی ئاگری نەورۆز دەکەن، چەندین کەس لەپێناو کردنەوەی ئەو ئاگرەدا لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە دەستگیر دەکرێن، هێرش دەکرێتەسەریان و ئەشکەنجە دەدرێن.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕۆحی ئازادی هەموو ساڵێک نەورۆز پیرۆز دەکرێت، ئەمساڵیش بە ڕۆحی ژینا ئەمینی ئەو جەژنە پیرۆز کرا، بە هەزاران هاوڵاتی بەشداریان تێدا کرد و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"یان دژی ڕژێمی ئیسلامی ئێران دەوتەوە و ڕژێم لە چەندین شوێن هەوڵی ڕێگریکردنی کردنەوەی ئاگری دا، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو بەرامبەر بە ئیرادەی ئەو گەلەی لەپێناو ئازادیدا گیانی بەخت دەکات.
لە ڕۆژئاوای کوردستانیش بە هەمان شێوە و بە ڕێبەرایەتی ژنانی بەرخۆدێر یادی نەورۆز کرایەوە، هیوایان دەخواست کوردستان ئازاد بێت، ژنان لە تەواوی جیهان و لە کوردستان ببنە ژنێکی ئازاد و بەڕووی سیستمی کۆنەپەرستی دەوڵەتە زلهێزەکان و ئەقڵیەتی پیاوسالاری ڕزگاریان بێت و نەرۆز ببێتە سیمبولی ئازادییان، لە جندرێس و عەفرینیش چەندین کەس لەلایەن چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیاوە شەهید کران لەپێناو کردنەوەی ئاگری نەورۆزدا.
بەڵام دۆخەکە لە باشووری کوردستان جیاوازە، لەلایەکەوە ئازادیخوازان بە ڕۆحی بەرخۆدان و تێکۆشان بۆ ئازادی جەژنی نەورۆز پیرۆز دەکەن، نمونەکەشی لە قەندیلەوە دیارە، کە هەزاران هاوڵاتی سەرباری بارانبارین و سەرما بەشدارییان لە نەورۆزی قەندیلدا کرد و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"یان دەوتەوە، هیوایان دەخواست بۆ ئازادی، نەورۆزیان وەک بەرخۆدان و تێکۆشان دژی داگیرکاری پێناسە دەکرد.
لەلایەکی دیکەوە دەسەڵات وایکردووە کە نەورۆز لە باشووری کوردستان ببێتە بۆنەیەکی ئاسایی و واتا ڕاستەقینەکەی خۆی لەدەستبدات، خەڵک سەرقاڵی لەبەرکردنی جلی کوردی ببێت و سەیران ڕێکبخات، هیچ هیوایەک بۆ ئازادی و بەرخۆدان نەمێنێت.
میدیا بەرپرسی سەرەکییە لە باشووری کوردستان
میدیا لە باشووری کوردستان بێ ئامانج و نابەرپرسیارن و کاری سەرەکیان بەلاڕێدابردنی پرسە نەتەوەیی نیشتمانییەکانە، هەوڵی بڵاوکردنەوەی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و کۆنەپەرستی دەدەن، بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کار دەکەن بۆ زیادبوونی توندوتیژییەکانی سەر ژنان، سەرەڕای بنەچە و ڕاستینەی مێژوو بەڵام لە ٢١ی ئاداردا، بابەتی گەرمی نەرۆزیان کردووە بە هێنانی ژنی دووەم و چێژی ئەو پڕۆسەیە، یاخود هەندێک لە میدیاکان لە چاوپێکەوتنەکانیان لەگەڵ بەشێک لە پیاوانی باشووری کوردستان ژنان تاوانبار دەکەن بەوەی ڕێگە نادەن ژنی دیکە بهێنن، هەندێک لە پیاوەکانیش کە پەیامنێر دەیاندوێنێت، ژنان تاوانبار دەکەن بەوەی لە کەشوهەوایەکی باراناویدا چوون بۆ سەیران و جەژن پیرۆز دەکەن، لە کاتێکدا پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز لە هەر بارودۆخ و کەشوهەوایەدا بێت، واتای بەرخۆدان و هەبوونی گەلێکە دژ بە هەر بەربەست، ڕێگری، زوڵم و ستەم و داگیرکارییەک، کە ژنان پێشەنگایەتی دەکەن.
لەکاتێکدا میدیا پێویستە بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە بێت، بۆ گەیاندنی پەیامی گونجاو بێت، نەهێشتنی توندوتیژی و بەرز و پیرۆز ڕاگرتنی بۆنە نەتەوەیییەکان بێ، بەڵام میدیاکان لە باشووری کوردستان بێ ئامانجن، یاخود ئامانجیان ئەوەیە لە ڕێی لێدان لە ژن کۆمەڵگە بەرەو دواوەبەرن، دەسەڵاتی پیاوان بەسەر ژناندا بەهێز دەکەن، وەک کاڵایەک تەماشای ژنان دەکەن بە جۆرێک دەکرێت پیاوێک چەند ژنێکی هەبێت تەنها لەپێناو تێرکردنی ئارەزووەکانی، ئەمەش بۆ خۆی دوورە لە ئەخلاقی کاری ڕۆژنامەوانییەوە.