بۆچوونی جیاواز لەسەر گەڕانەوەی ئاوارەکانی کامپی هۆل بۆ عێراق هەیە

عێراق هەوڵی گەڕانەوەی ئاوارە عێراقییەکانی کامپی هۆل دەدات و هەندێک لایەنیش پێی وایە پێویستە هاتنەوەیان سنوردار بکرێت، چونکە دەبنە مەترسی.

ناوەندی هەواڵ

 

کامپی هۆل دەکەوێتە شاری حەسەکە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، کە ئاوارەی عێراقی و سووری تێدا نیشتەجێیە و لەدوای ئازادکردنی سوریاش لە دەست چەتەکانی داعش، داعشییەکان لە بەشێکی کامپەکەدا نیشتەجێ کران.

 

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا چەندین جار بە فەرمی داوای لە وڵاتانی جیهان کردووە کە ئاوارە و داعشییەکانی وڵاتەکەیان بگەڕێننەوە بۆ ناوخۆی وڵاتەکەیان، چونکە کامپەکە وەک بۆمبێکی چێندراوە و مەترسییە بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو جیهانیش.

 

عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی دەستی بە گەڕانەوەی ئاوارە عێراقییەکانی کامپەکە کردووە، بەرپرسانی حكومی و پەرلەمانتارانیش بۆچوونی جیاوازیان لەسەر گەڕانەوەی ئاوارە عێراقییەكانی كامپی هۆل هەیە، لەوبارەیەوە ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق بە میدیا ناوخۆییەکانى ڕاگەیاندووە، پەرلەمان لە ‌هەوڵدایە ڕێژەی گەڕاندنەوەی خێزانەكانی داعش لە كامپی هۆل سنووردار بكات.

 

 ئاماژەی بەوەشداوە، لیژنەكەمان داواكارییەكی فەرمیی ئاڕاستەی سەرۆكوەزیران بە مەبەستى پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەمان کردووە و تێیدا داوای وردبینی ئەمنی و سنوورداركردنی گەڕاندنەوەی خێزانەكانی داعش لە كامپی هۆلەوە بۆ عێراق كردووە.

 

قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق ڕایگەیاند، پێویستە سەرجەم ئاوارە عێراقییەكانی كامپی هۆل لە دوای پشكنینی وردی ئەمنی بگەڕێندرێنەوە، دەشبێت خێرا بکرێت چونکە مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناووڕاست و وڵاتانى جیهان.

 

بەپێی ئاماری وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، تائێستا ٩٢٥ خێزانی چەتەکانى داعش لە كامپی هۆلەوە گەڕێندراونەتەوە بۆ عێراق.