ڕزگارکردنی دوو دۆلفینی پەمەیی کە مەترسی لەناوچوونیان لەسەر بوو
دۆلفینە پەمەیەکان بە هۆی زاوزێکردنیانەوە بەدوای شوێنی ئارام و ئاوی وەستاودا دەگەڕێن، بۆیە لە ماوەی ١٢ ساڵدا نزیکەی ٦٠ دۆڵفینی پەمەیی گیریان خواردووە و ڕزگار کراون.
ناوەندی هەواڵ
تیمەکانی فریاگوزاری بە بەکارهێنانی بەلەم و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ماوەی سێ ڕۆژدا دەگەڕان بەدوای دوو دۆلفینی پەمەیی کە لە ڕووباری دارستانە گەرمەکانی ئەمازۆن لە بۆلیڤیا گیریان خواردبوو، کە ئەم دۆلفینانە جۆرێکن مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە بەهۆی دەستدرێژی بەردەوام بۆ سەر ڕێڕەوی ئاوەکان کە شوێنی ئەم دۆلفینە ڕەنگاوڕەنگانەن.
کلۆدیا ڤێنیگاس، زانای بایۆلۆجی کە بەرنامەی ڕزگارکردنی هەیە، وتی: "ئەو دوو دۆلفینە لاوازە هەفتەی ڕابردوو لە دوو حەوزی دابڕاو لە ئاوی وەستاو لە ڕیۆ گراندە لە جەنگەڵەکانی ئەمازۆنی بۆلیڤیا دۆزرایەوە، دوای ئەوەی ئاستی ئاوی کەناڵی سەرەکی دابەزی".
ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆرێک لە دۆلفینە پەمەییەکان بەهۆی زاوزێکردنیانەوە لە ڕووبارەکە نامێنێن، وتیشی "کاتێک دۆلفینەکانی مێینە دەچن بۆ زاوزێکردن، هەمیشە بەدوای شوێنی ئارامدا دەگەڕێن، بۆیە ڕووبارەکە بەجێدەهێڵن بەدوای ئاوی وەستاو و ئارامتردا دەگەڕێن، زۆرجار مێینەکانی دیکە دێن بۆ یارمەتیدانی بەخێوکردنی دۆلفینە گەنجەکان و فێری چۆنیەتی زاوزێکردنیان دەکەن".
ڕوونیشیکردەوە کە لە ماوەی نزیکەی ١٢ ساڵدا نزیکەی ٦٠دۆلفینی پەمەیی گیریان خواردووە و رزگارکراون، ڕەنگی پەمەیی ئەم دۆلفینانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو خوێنبەرانەی لە نزیک پێستیان هەیە، زانایان تەنها چەند جۆرێکی دۆلفینیان بەڵگە کردووە کە لە ئاوی شیریندا دەژین، دۆلفینە پەمەییەکە بە گەورەترین دۆلفین دادەنرێت، چونکە درێژییەکەی دەگاتە ٢.٧ مەتر و کێشی نزیکەی ٣٠٠ کیلۆگرامە.