٥٠ کارمەندی خۆبەخشی تەندروستی لە گەرمیان خەڵاتکران
لە رۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژناندا، ناوەندی رێکخراوەکانی ژنان لە گەرمیان مەراسیمێکیان ئەنجامدا و تێیدا جگە لە باسکردن لە بارودۆخی ژنان، ٥٠ ژنە کارمەندی تەندروستیش خەڵاتکران.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2023/03/20230308-img-6492-jpg57d933-image.jpg)
گەرمیان
لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان، لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، بەشێک لە ڕێکخراوەکانی ژنانی گەرمیان سەردانی نەخۆشخانەی شەهید شێرەی نەقیب-یان کرد، کە تایبەتە بە نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون.
ژنانی چالاکوان سیمینارێکیان لەبارەی بارودۆخی ژنان بۆ کارمەندانی نەخۆشخانە پێشکەشكرد، مژدە محەمەد، بەرپرسی لقی کەلاری یەکگرتووی خوشکان لەبارەی چالاکییەکەوە بە ئاژانسی نوژنهای وت: بەبۆنەی ٨ی مارسەوە پیرۆزبایی لە تەواوی ژنانی کوردستان دەکەم و ئومێدم وایە ئەم رۆژە پاڵنەرێکی باش بێت بۆ ئێمەی ژنان، تاوەکو بتوانین پێکەوە کاربکەین و بگەین بە تەواوی مافەکانمان، پێکەوەش بەرامبەر ئەو نادادییانە بووەستینەوە، کە ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە.
هەر لە مەراسیمەکەدا خەڵات بەسەر ٥٠ ژنە کارمەندی خۆبەخشی نەخۆشخانەی شەهید شێرەی نەقیبی تایبەت بە ژنان و منداڵبوون دابەشکرا، لە بەرانبەر ئەو خزمەتەی پێشکەشی ژنانی ناوچەکەی دەکەن
شنۆ ئیبراهیم، یەکێکە لە ژنە کارمەندە خۆبەخشەکانی نەخۆشخانەکە و پاش وەرگرتنی خەڵاتەکە بە دڵخۆشیەوە باسی لەم گرنگیپێدانە کرد و وتی: سەرەڕای ئەوەی ئەرکێکی زۆرمان لەسەرە و هەمیشە پشتگوێخراوین، بەڵام جێگەی دڵخۆشییە ئەمڕۆ ئێمەیان بەسەرکردەوە، هیوادارم رێکخراوەکانی ژنان زیاتر هانی ژنان بدەن بۆ ئەوەی ئێمەش بوێرانەتر و ئازایانەتر ڕووبەڕووی بەربەستەکان ببینەوە، دەبێت ئەوان گەیەنەری دەنگی ئێمەبن.