بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل لە ماوەی ٢٤ کاتژمێر ٤٨ کەس گیانیان لەدەستداوە

لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، لە ئەنجامی شەڕی نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و حەماس، ٤٨ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٧٩ کەسی دیکەش برینداربوون.

ناوەندی هەواڵ

 

لە درێژەی بەردەوامی هێرشەکانی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە، وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین سەبارەت بە ژمارەی کوژراو و بریندارەکان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، لە ئەنجامی هێرشەکانی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، ٤٨ فەڵەستینی گیانیان لەدەستداوە و ٧٩ی دیکەش برینداربوون.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لە دوای ٧ی تشرینی یەکەمەوە ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بۆ ٣٤ هەزار و ٩٧ کەس بەرزبووەتەوە و ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە ٧٦ هەزار و ٩٨٠ کەس، جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە هێشتا تەرم لە ژێر ماڵە ڕووخاوەکان و پەراوێزی ڕێگاکان ماونەتەوە و تیمەکانی بەرگری شارستانی ناتوانن بگەنە پێیان.