کەنەدا، چالاکوانان بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسانیان شەرمەزار کرد
چالاکوانان و وڵاتپارێزان لە شاری تۆرۆنتۆ لە وڵاتی کەنەدا جەختیان کردەوە، ڕووی ڕەشی سیاسەتی داگیرکاری دەوڵەتی تورک بۆ هەموو جیهان ئاشکرا دەکەن.

ناوەندی هەواڵ
چالاکوانان و وڵاتپارێزان لە شاری تۆرۆنتۆ لە وڵاتی کەنەدا، لە چالاکییەکدا هێرشەکەی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیایان لە سلێمانی بۆ سەر دوو ڕۆژنامەنووس بە ناوەکانی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین شەرمەزار کرد و دژی داگیرکاریی پانکارت بەرزکرایەوە.
چالاکوانان لە دوای سەرەخۆشی لە کەسوکاری هەردوو شەهید و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان ڕایانگەیاند، هێرشەکە تەنها دژی ڕۆژنامەنووسان نییە، بەڵکو دژی دەنگی ئازادیی گەلی کوردە، دەوڵەتی تورک بەردەوام هێرش دەکاتە سەر گەلی کورد، شۆڕش و دەستکەوتەکانی، بەڵام هەرگیز لە بەرامبەر بەرخۆدانی گەلی کورد سەرکەوتوو نەبووە.
هەروەها کوردانی تۆرۆنتۆ هاوکارییەکانی پەدەکە و بنەماڵەی بارزانی لەگەڵ دەوڵەتی داگیرکەری تورکیان شەرمەزار کرد و ڕایانگەیاند، درێژە بە تێکۆشانی خۆیان دەدەن و مەشخەڵی ڕۆژنامەنووسان بەرز ڕادەگرن، لە کۆتایشدا جەختیان کردەوە، ڕووی ڕەشی سیاسەتی داگیرکاری دەوڵەتی تورک بۆ هەموو جیهان ئاشکرا دەکەن.