داکۆکیکارانی مافی ژنان زیادبوونی پەیوەندییەکان لەگەڵ تاڵیبان شەرمەزار دەکەن

 ژمارەیەک پارت و تەڤگەری سیاسی دژ بە تاڵیبان، چالاکوانان و داکۆکیکارانی مافی ژنان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ئامادەبوونی تاڵیبانیان لە کۆبوونەوەی دەوحەدا بە بێ بەرهەم پێناسە کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

بڕیارە سێیەمین دیداری دەوحە لەگەڵ نوێنەرانی تایبەتی وڵاتانی پەیوەندیدار بە کاروباری ئەفغانستان، بە میوانداری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ٣٠ی حوزەیران تا ١ی تەمووز لە دەوحەی قەتەر بەڕێوە بچێت، نەتەوە یەکگرتووەکان بانگهێشتی تاڵیبانی کرد بۆ بەشداریکردن لەم کۆبوونەوەیە، ئەمەش کاردانەوەی توندی چالاکوانانی مافی مرۆڤ و داکۆکیکارانی مافی ژنان و تەڤگەرانی سیاسی لێکەوتەوە، داوایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد دان بە تاڵیباندا نەنێن و ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ ڕێگریکردن لە پێشێلکردنی مافەکانی ژنان لەم وڵاتەدا.

 

دوێنێ ٥ی حوزەیران، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، زیاتر لە ٨ پارتی سیاسی و ١٣ تەڤگەری سیاسی، سەربازی و فێمینیست، لەوانەش داکۆکیکارانی مافی ژنان، بانگهێشتی تاڵیبانیان بۆ سێیەمین کۆبوونەوە لە دەوحەی پایتەختی قەتەر وەک "زیادبوونی کارلێککردن" لەگەڵیدا پێناسە کرد.

 

واژۆکارانی ئەم بەیاننامەیە جەختیان لەوە کردەوە، هەر جۆرە گفتوگۆیەک لە غیابی نوێنەرانی سەرەکی گەلی ئەفغانستان لە ژێر هەر ناونیشانێکدا، لە ڕاستیدا دانپێدانانە بە تاقمی تیرۆریستی تاڵیبان، هۆشداریان دا لەوەی ئەگەر هەست بە نائومێدی بکەن لە ئەگەری گەیشتن بە پڕۆسەی ئاشتی، ئەوا هەر جۆرە کارێک دەگرنەبەر، لەوانەش خەباتی چەکداری.

 

هەروەها لە بەیاننامەکەدا جەخت لەسەر پێویستی بوونی پارت وتەڤگەری سیاسیی پەیوەندیدار بە پرسی ژنان و بزووتنەوەی ناڕەزایی لە کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکان کراوەتەوەو ئاماژە بەوەکراوە، زیادکردنی کارلێکی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئەفغانستان بە شێوەیەکی ڕێکخراو و یەکگرتوو، تەنها ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانە.

 

لە بەیاننامەکەدا بە ئاماژەدان بە کردارەکانی تاڵیبان لە ئەفغانستان، بەتایبەتی سەبارەت بە دوورخستنەوەی ژنان لە گۆڕەپانی گشتی، ڕاگەیەندرا کە مامەڵەکردن لەگەڵ بزووتنەوە تیرۆریستییەکان کێشەی چارەسەر نەکردووە و دەبێتە هۆی زیادبوونی دەرئەنجامەکانی قەیرانەکە.