کۆنگرە ستار: ژنان بە تێکۆشانیان سیستمی پیاوسالار دەهەژێنن
کۆردیناسیۆنی کۆنگرە ستار بە بەیاننامەیەک کوشتنی ژنی کورد ژینا ئەمینی لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە شەرمەزار کرد و داوای پشتیوانی و هاوسۆزی ژنانی کرد لە دژی ئەو سیستمە باڵادەستانە کە ئازادی ژنان لەناو دەبەن.
قامیشلۆ
لە رۆژهەڵاتی کوردستان ژنێکی گەنجی کورد بە ناوی ژینا ئەمینی لە لایەن رێژیمی ئێرانەوە بە شێوەیەکی دڕندانە کوژرا، ئەمڕۆ لە هەموو جیهاندا ژنان پاڵپشتی ژینا ئەمینی دەکەن و ناڕەزایی دەردەبڕن لە دژی سیستمی دەسەڵاتدار.
ئەمڕۆ ژنان بە سەرکردایەتی خۆیان شۆڕشێکی ئازادی دەدەنە سیستەمی کۆیلایەتی پێشوو و ڕەنگی بەرخۆدان پیشان دەدەن، تووڕەیی ژنان سیستمی دەسەڵاتداری هەژاند و وایکرد هەموو کۆمەڵگا لە ئێراندا بێتە دەنگ.
سەبارەت بەو بابەتەش، کۆردیناسیۆنی کۆنگرە ستار بەیاننامەیەکی نووسراوی سەبارەت بە کوشتنی ژینا ئەمینی بڵاوکردووەتەوە، کۆنگرە ستار لە بەیاننامەیەکدا ئیدانەی کوشتنی ژینا ئەمینی کرد و داوای پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکان کرد کە لەلایەن ژنانەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
بەیاننامەکە بەم شێوەیەیە:
"لە رۆژئاوا و باكور و رۆژهەڵاتی سووریاوە سڵاو لە خەباتی ژنان و هەموو ئەو خەڵكە دەكەین كە زیاتر لە هەفتەیەك لە رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران رۆژانە لە شەقامەکاندا لە دژی زوڵم و زوڵم و توندوتیژی یاخی دەبن، ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەدژی کوژرانی دڕندانەی ژنی کورد ژینا ئەمینی لەلایەن ڕژیمی ئێرانەوە پیرۆز دەکەین، کوژرانی ژنی گەنج ژینا ئەمینی بوو بە پریشکێک کە ئاگری تووڕەیی گشتی لە دژی ڕژێمی دەسەڵاتدار بەرزکردەوە و خواستەکانی ئازادی بەرەوپێش برد."
"ژنان بە سەرکردایەتی خۆیان ڕەنگی بەرخۆدان پێناسە دەکەن"
یەکەم جار نییە کە ناڕەزایەتی لە دژی ڕژێمی ئێران بەڕێوە بچێت، بەڵام ئەمجارە خەڵک داوای ئازادی و دیموکراسی ژنان بە ڕێبەرایەتی ژنان دەکەن، ژنان بە سەرکردایەتی خۆیان ڕەنگی بەرخۆدان پێناسە دەکەن، بە ئازایەتی و توڕەیی و داهێنەری خۆیان نموونە دادەنێن و خەڵکیش شوێن پێی ئەوان دەکەون.
هەڵوێستی ژنان لە قژبڕین، سەرپۆش سوتاندن، سەما کردن جۆرێکی جیاوازە لە شۆڕش، بەو چالاکییانە پێشەنگایەتی دەکەن و ورە و مۆڕاڵ دەبەخشن بە هەموو مرۆڤە ئازادیخوازەکانی ڕۆژهەڵات و ئێران و کوردستان و هەموو جیهان، وەک دەزانرێت کۆنترۆڵی جەستەی ژنان و ژێردەستەکردنی ژنان بۆ ڕژێمی ئێران گرنگە، یەکێکە لە پایە سەرەکییەکانی ڕژێمی ئێران، هەر بۆیە ئازادی ژن لە ناوەندی خواستی خەڵکدایە.
خەڵکی ئێران و نەتەوەی کورد و بە تایبەت ژنان بە هەڵبژاردن سیستەمی دەسەڵاتداری ئێران ڕەت دەکەنەوە و ئەم سیستەمە بە دروشمی " ژن، ژیان، ئازادی" دەلەرزێت، هەروەك عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری گەلان رایگەیاند: "كۆمەڵگە تەنیا بە ئازادی ژن دەتوانێت ئازاد بێت" گەلی كوردستان و ئێرانیش بۆ ئازادی ژنان و گەلان دەستیان بە رێپێوان كرد.
"زیاتر لە چل ساڵە ڕژێمی ئێران خەڵکی فریوداوە"
خۆڕاگریی ژنان، قژی ژنان، توڕەیی ژنان، ئازادیی ژنان، مەترسییەکی گەورەن بۆ سەر ڕژێمی ئێران، زیاتر لە چل ساڵە ڕژێمی ئێران زوڵم لە خەڵک دەکات و گۆڕانکاری داخراوە لە وڵاتەکەدا، بەهۆی ئەوەوە بە توندوتیژی هێرش دەکەنە سەر ڕاپەڕینەکانی خەڵک، بۆیە هەوڵدەدەن بە گفتوگۆکردن لەسەر چاکسازی یاخود گۆڕانکاری بچووک ئاگری شۆڕش بکوژێننەوە، بەڵام مێژوو سەلماندوویەتی کە ئەمە مومکین نییە، چاکسازی ناکرێت چونکە ئەم سیستەمە لەسەر بنەمای زوڵم و ستەم لەسەر ژن و کۆمەڵگا بنیات نراوە، بە لەناوبردنی دەگۆڕێت.
"ژنان بە ئیرادە و بوێریەوە سیستمی دەسەڵات دەلەرزێنن"
لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە زیاتر له ٥٠ كەس لەلایەن هێزەكانی ئێرانەوه شه هیدبوون و ژماریەكی نادیار برینداربوون و دەستگیركراون، بەتایبەت ژنانی سەرکردایەتی ئەم یاخیبوونە دەکرێنە ئامانج و دەکوژرێن و هەوڵی بێدەنگکردنی ژنان دەدەن.
بەڵام سەرەڕای ئەوەی کە فشار و هێرشێکی گەورە بۆ سەر گەلی یاخیبوو هەیە، ئەمە بە ئیرادە و بوێری بەردەوامە، هەروەها ژنان بەدوای دۆزی ئازادی خۆیاندا دەڕۆن و سیستمەکە دەلەرزێنن.
ئێمە بە توندی ئیدانەی ڕژێمی ئێران دەکەین لەسەر کوشتنی ژینا ئەمینی، هەروەها کوشتنی خۆپیشاندەران و توندوتیژی دژی خەڵک، ڕژیم بە توندوتیژی هەوڵ دەدات خەڵک بترسێنێت، هەوڵ دەدات بە داخستنی ئینتەرنێت و لاوازکردنی داخوازییەکانی پشتیوانی خەڵک بێدەنگ بکات، بەڵام فیداکاری و بوێری و خۆڕاگریی خەڵک کاریگەرییەکی زۆری هەبووە و پێویستە هەموو لایەک چاویان لێبکات و گوێیان لێبگرێت و شانبەشانی ئەوانیش خەبات بکەن.
یادی هەموو ئەو کەسانە دەکەینەوە کە لە پێناو ئازادیدا گیانی خۆیان بەخت کرد، دەبێت ڕێز لە خواستەکانیان بگرین، داوا لە هەموو ژنان و هەموو ڕێکخراو و تاکەکانی ئازادیخواز و دیموکراسی دەکەین کە لە هەموو شوێنێکەوە بچنە پاڵ بەرخۆدان و پشتیوانی وەربگرن.
خەباتی ئەوان خەباتی ئێمەیە، ئازادی ژن ئازادی هەموو ژنانە، دەبێت دەست بە دەست لە هەموو جیهاندا شەڕ بکەین تا پیاوسالاری و سەرمایەداری و فاشیزم لەناو دەبەین.