ئەو ژنانەی بەهۆی چالاکییەکان بۆ رێککەوتننامەی ئیستەنبوڵ دادگاییکران، ئازاد بوون
٣٣ ژنی چالاکوان کە بڕیاربوو دژی هەڵوەشاندنەوەی پەیمانی ئیستەنبوڵ چالاکی بکەن، لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکران، دوای دادگاییکردن ئەمڕۆ ئازاد بوون.

ناوەندی هەواڵ
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ژن نیوز، ٣٣ ژنی ئەندامی پلاتفۆرمی ژنانی ئەنقەرە کە دەیانویست بە دروشمی "دەستبەرداری پەیمانی ئیستەنبوڵ نابین" چالاکی ئەنجام بدەن لەلایەن پۆلیسەوە هێرشکرایە سەریان و دەستگیرکران، ئەمڕۆ دوای دادگاییکردن ئازاد بوون.
لە ١٢ی ئابی ٢٠٢٠دا ٣٣ ژنی ئەندامی پلاتفۆرمی ژنانی ئەنقەرە کە دەیانویست بە دروشمی "دەستبەرداری پەیمانی ئیستەنبوڵ نابین" چالاکی ئەنجامبدەن، دەستگیرکران و بە تۆمەتی "دژایەتیکردنی یاسای ڕێپێوان و خۆپیشاندان" تۆمەتبارکراون، دادگاییکردنەکەیان لە ٢٨ەمین دادگای تاوانەکان بەڕێوەچوو.
پۆلیسی ئەنقەرە لەناو دادگادا ئامادەبوون، پارێزەران لەگەڵ دەستپێکردنی دانیشتنەکەدا ئاماژەیان بەوەدا پۆلیس هێرشی کردە سەر ژنان و پێویستە لەناو هۆڵی دادگادا نەبن، چونکە ئەوان لایەنگری کەیسەکەن"، دوای ئەوەی پۆلیسەکان کرانە دەرەوە پارێزەران دەستیان بە کاری بەرگری خۆیان کرد، باسیان لەوەکرد، کە ئەو ژنانە بەپێی مافی خۆپیشاندان و دەستوری خۆیان چالاکیان ئەنجامداوە.
لە کۆتایی دادگاییەکەدا، بڕیاردرا بە ئازادکردنی ژنان چونکە هیچ تۆمەتێک لە ئارادا نییە.
ت.پ