لە نەورۆزی ئامەددا ٧٤ منداڵ دەستبەسەركراون
لە شاری ئامەدی باکوری کوردستان گەورەترین ئاهەنگی پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز بەڕێوەچوو، کە بە نەورۆزی ملیۆن کەسی ناسراوە، دەوڵەتی تورکیا لەو نەورۆزەدا تەنها لە شاری ئامەد زیاتر لە ٣٠٠ کەسی دەستگیرکرد، لەناویدا ٧٤ منداڵ هەن.
ناوەندی هەواڵ
لە دوای بەڕێوەچوونی ئاهەنگەکانی نەورۆز لە باکوری کوردستان، دەوڵەتی تورکیا ڕەشبگیری ڕاگەیاند چەندین کەسی دەستگیرکرد کە تەنها لە شاری ئامەد زیاتر لە ٣٠٠ کەس دەستگیرکراون بە تاوانی لەبەرکردنی جلی کوردی و هەڵگرتنی سیمبولەکانی سەوز، زەرد و سور، لەناو دەستگیرکراوەکانیشدا ژن و منداڵی تێدایە.
لەناو ئەو دەستگیرکراوەکاندا ٧٤ منداڵ هەن، کە دوو برای دوانەی پێنج ساڵانی تێدایە و پەنجەمۆرییان لێوەرگیراوە، محەمەد ئەمین، یەكێك لە وتەبێژەكانی كۆمەڵەی مافی منداڵان ئاماژەی بەوەداوە ئەو منداڵانەی لە نەورۆزی ئامەددا دەستبەسەركراون، ٧٤ كەسن، هەریەك لەوانە ڕۆژێك یا دوو ڕۆژ لەژێر چاودێردا ماونەتەوە و دوابەدوای لێپرسینەوە رادەستی بنەماڵەكانیان كراونەتەوە.
هەروەها خستییەڕوو کە ئەو منداڵانە لەلایەن ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمەوە لێپرسینەوەیان لێکراوە، وتیشی کە ئەم دامەزراوەیە مافی ئەوەی نییە لێپرسینەوە لە منداڵان بکات.
ئەو منداڵانە لە كاتی دەستبەسەركردنیاندا لەشوێنێكی تەنگ و تاریكدا ڕاگیراون و لە دۆخێکی زۆر خراپدابوون، پارێزەرانی كۆمەڵەی مافی منداڵان لەو شێوە هەڵسوكەوتەی پۆلیسی تورك سكاڵایان بەرزكردووتەوە و ڕاشیانگەیاند کە بەهیچ شێوەیەك مافی کەس نییە منداڵی ١٣ ساڵەش بە هیچ تاوانێك دەستبەسەر بكەن.
ت.پ