ناڕەزایەتییەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامی هەیە

دوای تێپەڕبوونی سی و سێ ڕۆژ بەسەر ڕاپەڕینە سەرتاسەرییەکەی کە بە مەرگی ژینا ئەمینی دەستی پێکرد، شەوی ڕابردوو شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە حکوومەتی ژنکوژ و منداڵکوژی ڕژێمی ئێران دەربڕی.

ناوەندی هەواڵ

 

لە كاتێكدا زیاتر لە ٣٠ رۆژە راپەڕینی سەرتاسەری لە رۆژهەڵات و كوردستان و ئێران بەردەوامە، شەوی رابردوو زۆربەی شارەكانی ئێران شاهیدی بوونی بەربڵاوی شۆڕشگێڕان بوون لە شەقامەكاندا.

 

وێڕای چڕی ژینگەی ئەمنی و بڵاوەپێکردنی سوپای پاسداران و بەسیج و هێزە تایبەتەکان و بەردەوامی هەڕەشە و دەستبەسەرکردنی چالاکوانانی مەدەنی و زیندانیانی سیاسی پێشوو و خوێندکاران ڕاپەڕین بەردەوامە و خەڵکی ناڕازی ڕژاونەتە سەر شەقامەکان.

 

شەوی ڕابردوو شۆڕشگێڕان لە شارەکانی سنە، سەقز، مەهاباد، بۆکان، بانە، پیرانشار، دێهگۆلان، دیواندرێ، ئیلام و شارەکانی دیکە هاتنە سەر شەقامەکان و دروشمیان دژ بە رژێمی ئێران بەرزکردەوە.

 

هەروەها خۆپیشاندەران بە نووسینی دروشم لەسەر دیوارەکان، سووتاندنی وێنەکانی خامنەیی و خومەینی، هێرشکردنە سەر بنکەکانی بەسیج، درێژەیان بە ڕاپەڕینەکەیان داوە و جەختیان لەوە کردووەتەوە کە تا ڕووخاندنی ڕژێمی ئێران و دەستکەوتنی ئازادی بۆ گەلانی ئێران لە ڕاپەڕینەکەیان پاشەکشە ناکەن.

 

لە سیستان و بەلوچستان، ئەهواز، شیراز، تاران، ئەسفەهان، کرمان، هەمەدان، قوم، مەشهەد، خوزستان، تەبرێز، ئەردەبیل، کەرەج، ڕەشت، مازەندەران و شارەکانی دیکە، خۆپیشاندەران دروشمەکانیان دەوتەوە و ڕێپێوانیان کرد، ئاگریان لە شوێنەکانی بەسیجی بەردا تا درەنگانێکی شەو درێژەیان بە خۆپیشاندانەکانیاندا.

 

بانگەوازی بەردەوامی ڕاپەڕین لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەردەوامە، مانگرتنەکان بەردەوامن و شۆڕشگێڕان جەخت لەسەر مانگرتن و ئامادەبوونی بەربڵاو لە شەقامەکان دەکەنەوە بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن، سەرکوتکردنی دڕندانەی ڕژێمی ئێرانیش زیادی کردووە و بە تەقەی ڕاستەوخۆ و گازی فرمێسکڕێژ بۆ خۆپیشاندەران هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ناڕەزایەتییەکان دەدەن.