ڕزگاری، ژنێکی ٣٨ ساڵ بە گوماناوی خنکا

دوێنێ لە شارەدێی ڕزگاری ژنێکی ٣٨ ساڵ بە خنکاوی لە ماڵەکەی خۆیدا دۆزرایەوە و نازانرێت خنکێنراوە یاخود خۆی خنکاندووە.

گەرمیان

 

دوێنێ لە شارەدێی ڕزگاری سەر بە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، ژنێکی تەمەن ٣٨ ساڵ لە ماڵی خۆیاندا کە تەنها خۆی و خوشکێکی پێکەوە دەژین، خنکا.

 

پۆلیسی گەرمیان تایبەت بە ئاژانسی نوژنها راگەیاند، ئەو ژنە ناوی "ش، ع" لەدایکبووی ١٩٨٤ە، دوێنێ لە ماڵەکەیاندا بە خنکاوی گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی کەلار، وتیشی، ئەو ژنە لەگەڵ خوشکێکیدا کە ئەویش گەنجە و تەمەنی ٢٥ ساڵە بە تەنها لە خانووەکەیاندا ژیاون کە لە دایک و باوکیانەوە بۆیان ماوەتەوە.

 

پۆلیسی گەرمیان بۆ نوژنها باسیشی لەوەکرد، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان ئەم دوو ژنە لەگەڵ برا و کەسوکارەکەیاندا نێوانیان باش نییە بە تایبەتی باس لەوەدەکرێت کێشەی میرات کەوتووەتە نێوانیانەوە کە دەکرێت یەکێک بێت لە هۆکارەکانی خنکانی ئەو ژنە بە گوماناوی.

 

هەر دوێنێ ڕزگار لەتیف، جێگیری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار، بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە تەرمەکە ڕەوانەی پزیشکی دادی کەلار کراوە، دەشڵێت نازانرێت ئەو ژنە خۆی خنکاندووە یان خنکێندراوە.