بە هۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیاوە لە بەنداوی تشرین ٨ هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا

لە سەرەتای هێرشەکانەوە، دەوڵەتی تورکیا ٨ هاوڵاتیی لە بەنداوی تشرین کردووەتە ئامانج و ٥٥ هاوڵاتی دیکەش بریندار بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

ئاژانسی هەواڵی هاوار-ئانها  ئاماری هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای بۆ سەر بەنداوی تشرین بڵاوکردەوە و  بە پێی ئامارەکە بە هۆی بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورکیادا لە ماوەی یەک هەفتەدا دوو کۆمەڵکوژی لە دژی خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجامدراوە. کە ٨ هاوڵاتی تیایدا گیانیان لەدەستدا.

 

دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە ٨ی کانوونی یەکەمەوە ٢٠٢٤ەوە هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و بە تایبەت بۆ سەر بەنداوی تشرین زیاد کردووە، لە ٨ی کانوونی دوومەوە دانیشتوانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە زۆرێک لە شارەکانەوە بەرەو ناوچەی بەنداوی تشرین بەڕێکەوتن بۆ پاراستنی بەنداوی تشرین و نیشاندانی دژایەتی خۆیان بۆ ئەو هێرشانە.

 

٨ی کانوونی دووەم

لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاروانی ئۆتۆمبێلە گشتیەکان لە بەنداوی تشرین، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تۆپخانە کاروانەکەی لەسەر ڕێگای بەنداوی سیرین- تشرین بۆردوومان کرد. لە ئەنجامی بۆردوومانەکەدا ٣ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا و ١٥ کەسیش بریندار بوون.

 

١٥ی کانوونی دووەم

دەوڵەتی داگیرکەری تورک کاروانی گەلی لەسەر ڕێگای سیرین- بەنداوی تشرین بۆردوومان کرد. لە ئەنجامدا هاوڵاتییەک گیانی لەدەستدا و ١٤ کەسیش بریندار بوون.

 

هەر لەو ڕۆژەدا کە کاروانی گەل لە کانتۆنی فوراتەوە بەرەو بەنداوەکە دەڕۆیشتن، دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرشی کردە سەر شوێنی کۆبوونەوەی گەل. تیایدا ٣ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و ١٩ کەسیش بریندار بوون.

 

١٦ی کانوونی دووەم

لە ١٦ی کانوونی دووەم، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا پارێزەرانی بەنداوی تشرینیان بۆردوومان کرد، کە لە گەل پێکهاتوون، لە ئەنجامدا هاوڵاتییەک گیانی لەدەستدا، ١٧ کەسیش بریندار بوون، کە ٣ کەسیان ڕۆژنامەنووس بوون.