دانیشتووانی شاری حەسەکە بە ڕێپێوانێکی بەرفراوان پشتیوانیان لە شەڕڤانانی هێزەکانی قەسەدە کرد
دانیشتووانی شاری حەسەکە لە کانتۆنی جزیرە بە هەموو پێکهاتەکانی کورد و عەرەب و سووریانی و ئەرمەنیەوە ڕێپێوانێکی جەماوەرییان ئەنجامدا و سڵاویان لە خۆڕاگری شەڕڤانانی هێزەکانی قەسەدە و یەپەژە کرد.
حەسەکە
لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشی چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، شەڕڤانانی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک-قەسەدە بەرخۆدانێکی گەورە و مێژوویی ئەنجام دەدەن، دانیشتووانی شاری حەسەکە بە پێکهاتەکانی کورد و عەرەب و ئەرمەنی و سوورییانییەکاوە لە کانتۆنی جزیرە ڕێپێوانێکی جەماوەرییان ڕێکخست و سڵاویان لە بەرخۆدانی هێزەکانی قەسەدە و یەپەژە کرد.
ڕێپێوانەکە بە دروشمی "با وڵاتەکەمان بپارێزین" و بە بەشداری سەرجەم ڕێکخراوەکانی ژنان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و بە هەڵکردنی ئاڵا و پانکارتی "قەسەدە شەرەفمانە"، "خۆپاراستن ئازادی مسۆگەر دەکات" بەڕێوەچوو.
"حوکمڕانی خۆبەڕێوەبەریی نموونەیە بۆ سووریا"
دوای خولەکێک لە ڕێزگرتن، ئاڵدار خەلیل، ئەندامی هاوسەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکراتیک-پەیەدە، جەختی لەوە کردەوە کە بۆ بنیاسنانی سووریایەکی دیموکراتیک پێویستە ئەزموون لە سیستەمی خۆبەڕێوەبەری وەربگیرێت و وتی: لاپەڕەیەکی نوێ لە سووریا کرایەوە، بەڵام دەمانەوێت هەنگاوی گرنگ بنرێت بۆ پاراستنی گەلی سووریا بەشێوەیەکی ئاشتیانە لەڕێگەی گفتوگۆوە.
"قەسەدە بەرخۆدانێکی مێژوویی ئەنجام دەدات"
ئاڵدار خەلیل بەم شێوەیە کۆتایی بە وتارەکەی هێنا: ئەمڕۆ شەڕڤانانی هێزی ئاسمانی قەسەدە لە مەنبج بەرخۆدانێکی مێژوویی ئەنجام دەدەن، ئێمە ئەم ڕێپێوانە بە پیرۆز دەزانین و پێشوازی لە پشتیوانی ئێوە بۆ شەڕڤانان دەکەین، ئێمە بەو کەسانە دەڵێین کە دەیانەوێت ئارامیمان تێک بدەن، ئەم گەلە لەگەڵ شەڕڤانانی ئازادیدا بەرامبەر هێرشەکانی ئێوە دەوەستنەوە.
ڕێپێوانەکە بە دروشمی "بژی یەکڕیزیی گەلی سووریا" کۆتایی هات.