لە دوو چالاکی جیاوازدا توندوتیژی دژی ژنان شەرمەزار کرا
ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی ڕێکخراوەکانی ژنان لە دوو چالاکی جیاوازدا باسیان لە توندوتیژییەکانی سەر ژنانیان کرد و بە نمایشەکانیان هەموو جۆرەکانی توندوتیژی دژی ژنانیان شەرمەزار کرد.
سلێمانی
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی، سەرەڕای بارینی باران و سەرما، گروپی ژنانی ٢٥ی نۆڤەمبەر کە پێکدێن لە زیاتر لە ١٠ ڕێکخراوی ژنان و چالاکوانان، بە دروشمی "نا بۆ توندوتیژی" لە چالاکییەکی تایبەتدا بە بێدەنگی بۆ ماوەی خولەکێک وەستان و هێزی ئاشتی و پاراستنی ژیانیان لەلایەن ژنانەوە نمایش کرد.
لە چالاکییەکەدا ژنان بە یەکڕیز و بە بێدەنگی وەستان، بە واتای لە بێدەنگیشدا ژنان دەتوانن دەنگی خۆیان هەبێت، پاشان دەستیان بەرز کردەوە، بە واتای بەرقەراربوونی ئاشتی و بەکارهێنانی ڕەنگی ڕەش و سپیش وەک واتایەک بوو بۆ هەماهەنگی هەموو ژنان بەبێ جیاوازی پارت و لایەنەکانیان.
هەر لە چالاکییەکەدا چەندین دروشمی وەک "ئازادی ژن، بنیادنانی خێزان و کۆمەڵگەیە، هەر ژنێک ژیانێکە ئێمە ژیانێکی زیندوومان دەوێت، ژنی ئازاد نیشانەی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و ئازادە، بە پەروەردەکردنی ژن و کۆمەڵگە ڕێگری لە توندوتیژی دەکرێت" بەرز کرانەوە.
لەلایەکی دیکەوە هەر ئەمڕۆ لە بەردەم باخی گشتی شاری سلێمانی، ڕێکخراوی چەمک بۆ چاکسازی و بنیادنان شانۆییەکیان بە ناوی "خولەکێک لە هاواری ژن" لە دەرهێنانی دیانا بۆزان نمایش کرد.
شانۆییەکە لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژناندا بوو، کە باس لە هاوسەرگیری لە تەمەنی کەمدا دەکات کە چۆن لە ڕێگەی یاساوە دەسەڵات و ئەقڵیەتی پیاوسالاری دەیانەوێت ڕەوایەتی پێبدات و ژنانی گەنج تیایدا دەبنە قوربانی و ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە.