بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و هێرشی چەکداری بووە هۆی گیان لەدەستدانی ٦٩ کەس
سەرچاوەیەکی پزیشکی و خۆبەخشەکان ئاشکرایان کرد، لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداری هێزەکانی پشتیوانی خێرا و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لە گوندی وادی شوعیب لە ڕۆژهەڵاتی ناوچەی جەزیرە لە ناوەڕاستی سودان، ٦٩ کەس گیانیان لەدەستدا.
ناوەندی هەواڵ
بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرهەڵدانی ململانێکان لە سودان لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی ٢٠٢٣ لە نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، بووە هۆی گیان لەدەستدانی هەزاران هاوڵاتی مەدەنی و ئاوارەبوونی زیاتر لە ١٤ ملیۆن کەس لە دەرەوە و ناوەوەی ئەو وڵاتە.
دوێنی ٢٠ی تشرینی دووەم، سەرچاوەیەکی پزیشکی و خۆبەخشەکان ڕایانگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداری هێزەکانی پشتیوانی خێرا و هەروەها بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەوە، ٦٩ کەس لە گوندی “وادی شوعیب” لە ڕۆژهەڵاتی ناوچەی جەزیرە لە ناوەڕاستی سوودان گیانیان لەدەستدا.
پلاتفۆرمی "نەدا سودان" بڵاویکردەوە، هێزەکانی پشتیوانی خێرا کارەساتی مرۆییان لە گوندی "وادی شوعیب" دروستکردووە، گەمارۆی گوندەکەیان داوەو ڕێگری لە چوونە ژوورەوەی پێداویستییە پزیشکی و خۆراکییەکان بۆ ناو گوندەکە دەکات، ئەمەش بووەتە هۆی بلاوبوونەوەی نەخۆشی و پەتاکان.
لە ٢٠ی تشرینی یەکەمەوە هێزەکانی پشتیوانی خێرا هێرشی بێ وێنەیان بۆ سەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی جەزیرە لە ناوەڕاستی سودان دەستپێکردووە، لە دوایین ئاماری کۆنگرەی جەزیرە کە دامەزراوەیەکی نافەرمییە و چاودێری پێشێلکارییەکان لە ناوەڕاستی سودان دەکات، ڕایگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدان لە شاری هیلالیە کە ماوەی مانگێکە گەمارۆدراوە، گەیشتووەتە زیاتر لە ٥٠٠ کەس.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بڵاویکردەوە، هێرشەکانی هێزەکانی پشتیوانی خێرا بۆ سەر هیلالیە لە ماوەی نێوان ٢٠ی تشرینی یەکەم تا ١٣ی تشرینی دووەم، بووە هۆی ئاوارەبوونی نزیکەی ٣٤٣ هەزار و ٤٧٣ کەس، واتە نزیکەی ٦٨ هەزار و ٨٠١ خێزان.