ژنانی ئامەد: توندوتیژی ئابووری زیادی کردووە
پلاتفۆرمی ژنانی دیجلەی ئامەد-داکاپ لە کۆبوونەوەکانیاندا لە بارەی ٢٥ی تشرینی دووەم، گوێیان لە چیرۆکی ژنان گرت و ڕێگاکانی بەرەنگاربوونەوەیان خستەڕوو، گوڵیز دەمیرئۆغڵو، ئەندامی لیژنەی ئامادەکاری داوای لە سەرجەم ژنان کرد بەشداری لە ڕێپێوانی کۆتاییدا بکەن.
مەدینە مامەدئوغلو
ئامەد- پلاتفۆرمی ژنانی دیجلەی ئامەد-داکاپ لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لەگەڵ ژنان کۆبوونەوە و لە بارەی توندوتیژی و چالاکییەکانەوە گفتوگۆیان کرد، هاوکات هەڵمەتی "قسەمان تەواو نەبووە، پێکەوە توندوتیژی ڕادەگرین" ڕاگەیەندرا و ئامادەکاری بۆ ڕێپێوانێکی بەرفراوان دەکرێت.
گوڵیز دەمیرئۆغڵو، ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکاری ٢٥ی تشرینی دووەمی داکاپ، ژنانی ئامەدی بانگهێشتی ڕێپێوانەکە کرد و وتی: ئەمساڵ بە پێشەنگایەتی داکاپ، ژنانی ئامەد بەرنامەیان ئامادە کردووە بۆ ئەوەی دەستیان بگات بە ژنانی نیشتەجێی هەموو ناوچەکان، ئێمەی ژنان ڕۆژانە بە کارەساتێکی نوێ لە خەو هەڵدەستین. هەموو ڕۆژێک بە هەواڵی کوشتنی ژنان و دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان دەست پێدەکەین، ٢٥ی تشرینی دووەم بۆ ئێمە تەنها بەروار نییە، بەڵکو مانگی پەروەردە و هۆشیاری دژە توندوتیژییە.
"توندوتیژی لە کوردستان لە ئاستێکی تردایە"
گوڵیز دەمیرئۆغڵو هۆشیاریدا کە ئاستی توندوتیژی بەرزە و ژنان ڕووبەڕووی هەموو جۆرە توندوتیژییەک دەبنەوە، لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ٢٥ی تشرینی دووەم بۆ ئێمە ڕێکخستن و تێکۆشانە. لە خوشکەکانی میرابێل تا ئێستا هیچ شتێک نەگۆڕاوە. ژنان تا ئێستاش لە دژی هەلومەرجی فاشیزم بەرخۆدان و تێکۆشان دەکەن، ئەم توندوتیژییە لە هەموو ئاستەکانی ژیانماندا بڵاوبووەتەوە. ئێمە لە وڵاتێکدا دەژین کە هەموو جۆرە توندوتیژییەک دەبینین. توندوتیژی لە کوردستان لە ئاستێکی جیاوازدا ئەزموون دەکرێت، ئەم توندوتیژییە ڕۆژێک توندوتیژی پیاوانە، بە شێوازی جیاواز لەبەردەمماندا دەردەکەوێت وەک گۆشەگیری و توندوتیژیی دادوەری و توندوتیژی ئابووری. تاکە ڕێگا بۆ ڕاگرتنی ئەم توندوتیژییە، تێکۆشانە، ئێمە ئاگاداری ئەم شتەین، ئێمە بەم بیرکردنەوە بەردەوامین لە کارەکانمان.
''توندوتیژی ئابووری لە زیادبووندایە''
گوڵیز دەمیرئۆغڵو ئاماژەی بەوەدا کە لەڕێگەی کۆبوونەکانەوە ژنان ئەو توندوتیژییە دەردەبڕن کە ئەزموونیان کردووە و شێوازی تێکۆشانکردنیان لەدژی پەرەپێدەدەن، وتیشی: لە کۆبوونەوەکاندا زۆربەی ژنان گلەیی لە سیاسەتەکانی شەڕی تایبەت و هەژاری دەکەن، ئێستا هەژاری لە کۆمەڵگەدا هەیە. ئەم هەژارییە زۆرترین کاریگەری لەسەر ژنان هەیە، ژنان ناتوانن داهاتی خۆیان بەدەستبهێنن، ناتوانن کارێک بدۆزنەوە و زۆر جار کە دەیانەوێت کار بکەن، دەکەونە ژێر کاریگەری پیاوانەوە، ئێستا توندوتیژی ئابووری زۆر زیادی کردووە، جۆری ئەو توندوتیژییەی کە دوای توندوتیژی جەستەیی و دەروونی دێت، توندوتیژی ئابوورییە. ڕێگای دەربازبوون لەمەش لە ڕێگەی تێکۆشانەوەیە.
"ژنان لە دێریە چییە کۆدەبنەوە"
گوڵیز دەمیرئۆغڵو ڕایگەیاند کە چالاکییەکانیان بە ڕێپێوان کۆتایی دێت و وتی: لە ئێستادا ئاتۆلییەی ژنۆلۆژی لە زۆرێک لە ناوچە و گەڕەکەکاندا بەڕێوە دەچێت، جگە لەمەش لەگەڵ ژنان لە دژی سیاسەتەکانی شەڕی تایبەت کۆدەبینەوە. بەرنامەی هاوبەش لەگەڵ شارەوانییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئامادە دەکەین. لە ٢٥ی ئەم مانگەدا جارێکی تر داواکارییەکانمان دەردەبڕین، ئەو ڕۆژە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە مەیدان دەبین و لە ٢٥ی مانگدا لە ناوچەی دێریە چییە کۆدەبینەوە.