کۆنگرەی ستار: هاوپشتیمان دەکەینە دەنگ و داواکارییەکانی ژنانی دەستگیرکراو
کۆنگرەی ستار لە لوبنان دووپاتیکردەوە، ئەو بڕیارەی دژی وریشە مورادی، چالاکوانی مافی ژنان دەرچووە، جگە لە هەوڵی دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ بێدەنگکردنی ژنان بەتایبەتی چالاکوانانی ژن و نەهێشتنی ئیرادەیان هیچی تر نییە.
ناوەندی هەواڵ
لە ١٠ی ئەم مانگەدا دەسەڵاتدارانی ئێران بە تۆمەتی "خیانەت" سزای لەسێدارەدانیان بۆ وریشە مورادی، زیندانی سیاسی و ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەرکرد.
ئەمڕۆ ١٣ی تشرینی دووەم، کۆنگرەی ستار لە لوبنان بەیاننامەیەکی دەرکرد و سزای لەسێدارەدانی چالاکوان وریشە مورادی ئیدانە کرد و ڕایگەیاند، "وریشە مورادی چالاکوانی کورد بە یەکێک لە دیارترین چالاکوانی ژن دادەنرێت کە داکۆکی لە مافی مرۆڤ و ئازادی و دیموکراسی دەکات، بەو پێیەی بۆ ئیدانەکردنی سزای لەسێدارەدان بەسەر هاوبیرانی پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی، مانگرتنی ئاشکرای بەڕێوە برد".
ئاماژە بەوەشکراوە، ئێران گۆڕستانێکە بۆ ژنان، بەتایبەت ئەوانەی کە لەژێر دەسەڵاتی مەلاکاندا دژی عەقڵیەتی پیاوسالاری بەربڵاو تێکۆشان دەکەن و بە ورە و ئیرادەیەکەوە دژی سیاسەتی سەرکوتگەرانەی ئێران دەوەستنەوە، کە ژیانی ژنان لەناو دەبات و هەوڵی بێدەنگکردنیان دەدەن بۆ نەهێشتنی ئیرادەیان.
لە بەیاننامەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو، چالاکوان وریشە مورادی تووشی ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی دەبێت، بەو پێیەی چەند مانگێکە لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و پارێزەرەکەی بێبەش بووە، ئەمەش لە هەوڵێکی ڕژێمی ئێران بۆ شکاندنی ئیرادەی خۆی و ڕۆحی شۆڕشگێڕانەی بەرخۆدان.
کۆنگرەی ستارلە بەیاننامەکەیدا وەک تەڤگەرێکی ژنان داوا لە هەموو ڕێکخراوەکانی ژنان دەکات بە هاوسۆزی لەگەڵ وریشە مورادی و هەموو ژنە دەستبەسەرکراوان و دەستبەسەرکراوانی زیندانەکانی ئێران بوەستن.