ئەناهید قەسەبیان: ڕێکخراوبوونمان لە ژێر چەتری خۆبەڕێوەبەریدا وەڵامێکی مێژووییە
ئەناهید قەسەبیان، ئەندامی کۆردیناسیۆنی یەکێتی ژنانی ئەرمەنی ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورک لەسەر سیاسەتی ئینکاری و لەناوبردن بونیاد نراوە و ڕێکخراوبوونمان له ژێر سیستمی خۆبەڕێوەبەری، وەڵامێکی مێژووییە.
ڕۆنیدا حاجی
حەسەکە- شەوی ٢٣ی تشرینی یەکەم، دەوڵەتی تورک هێرشێکی قورسی بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستپێکرد، لە ئەنجامدا ژێرخانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ژن و منداڵ و گەنج کرانە ئامانج، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە بەرامبەر ئەم هێرشانە بێدەنگن، سەبارەت بەو پرسە، ئەناهید قەسەبیان، ئەندامی کۆردیناسیۆنی یەکێتی ژنانی ئەرمەنی، هەڵسەنگاندنێکی بۆ دەزگاکەمان کردو سەرنجی بۆ ژیانی هاوبەشی نێوان ئەو پێکهاتانەی کە لەژێر چەتری خۆبەڕێوەبەریدا دامەزراون ڕاکێشا و ڕایگەیاند، ڕێکخراوبوونمان وەڵامێکی مێژووییە لە دژی هێرشەکان.
پلانی لەناوبردن و ئینکاری
ئەناهید قەسەبیان ئاماژەی بەوەکرد، دەوڵەتی تورکیا بە هێرشەکانی بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا درێژە بە پلانەکانی کۆمەڵکوژی ساڵی ١٩١٥ دەدات و وتی: ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی ساڵی ١٩١٥، دەزانین دەوڵەتی تورکیا چۆن بووە هۆی بڵاوبوونەوەی لەناوبردن و تاڵانکردن و کوشتنی گەلی ئەرمەنی کە هێشتا گەلی ئەرمەن باجەکەی دەدات، شوناس، کولتوور، زمانی نەتەوەی ئەرمەنی لەدەستچوو و تێکەڵ بە نەتەوەکانی دیکە بوو، ئەمانە هەمووی تاوانی دژی مرۆڤایەتین کە تا ئێستاش بەردەوامن لەگەڵ ئەم هێرشانە بۆ سەر ناوچەکە.
"ئێمە بوونمان هەیە، کەس ناتوانێت لەناومان ببات"
ئەناهید قەسەبیان ڕایگەیاند، کاری ژنان لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا وەڵامێکە بۆ هەموو کۆمەڵکوژی و پلانەکانی لەناوبردن و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە وەک گەلانی ئەرمەن لە ڕێگەی پڕۆژەی خۆبەڕێوەبەرییەوە بوونی خۆمان دۆزیەوە، کە لە ڕێگەیەوە کۆمەڵگەی ئەرمەنی دانی بە خۆیدا نا و خۆی ڕێکخست، ئەنجومەنی ژنانی ئەرمەنی و یەکێتی دامەزرا، ئەمڕۆ دەرئەنجامی کار و تێکۆشانی ژنان لە سەردەمی شۆڕشدا دەبینین، کە ژنان بە خۆڕێکخستن لەژێر فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی، وەڵامێکی توند دەدەنەوە کە چیتر ڕێگە بە لەناوچوون و نکوڵی و کوشتنی بەکۆمەڵ نادەین، وەک ژنی ئەرمەنی بوونمان هەیە و بە زیندووکردنەوەی کولتوور و زمانەکەمان بوونی دەبین.
"فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی، یەکڕیزی و تەبایی ژنانی بەهێزتر کرد"
ئەناهید قەسەبیان تیشکی خستەسەر فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی کە تێیدا یەکگرتوویی و ئامادەبوونی ژنان لە هەموو جیهاندا جێگیر بوو و وتی: ژنان لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا کارەکانیان لەسەر فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی بەڕێوەبرد، ئەم فەلسەفەیە یەکڕیزی ژنانی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەهێزتر کرد و ئەمڕۆش دەرئەنجامی ئەو کار و خەباتە دەبینین، کە ژنان لە هەموو جیهاندا چۆن ئەم فەلسەفەیە قبوڵ دەکەن و لە ژێر ئەم دروشمەدا سەرهەڵدەدەن، ئەمە هەنگاوێکی سەرکەوتوو و پڕ بەرەکەتە کە سەدەی ئازادی ژنانە لە هەموو جیهاندا، هەروەها ئێمە وەک ژنی ئەرمەنی هەبوون، ناسنامە و مێژوو و کولتوور و زمان و کۆبوونەوەی کۆمەڵگەکەمان لە سایەی ئەم فەلسەفەیەدا هاتەدی، هەروەها ئەمە وەڵامی کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی ١٩١٥یە کە ئەمڕۆ ژنانی ئەرمەنی ئاگاداری کۆمەڵگەکەیانن.
"هێرشەکە هاودەنگی و فەلسەفەی ئێمە دەکاتە ئامانج"
ئەناهید قەسەبیان هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی بۆ سەر ژێرخانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا شەرمەزار کردو لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: هێرشەکانی دەوڵەتی تورک گەلی ناوچەکە دەکەنە ئامانج، چونکە ژێرخانی ناوخۆیی خزمەت بە خەڵکی ناوچەکە دەکات، لەوەش گرنگتر ئەم هێرشە دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنان دەکاتە ئامانج، دەتوانین بڵێین بێدەنگی دەوڵەتە نێودەوڵەتییەکان ڕەزامەندی ئەوان بۆ ئەو هێرشانە نیشان دەدات، بە پرۆسەیەکی هەستیاردا تێپەڕین کە شەڕی فەلسەفەی ژن و ژیان و ئازادی دەکرێت، هەر بۆیە هێرش دەکرێت و بێدەنگی لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا بەردەوامە، داوا لە هەموو ژنان دەکەین لە ژێر ئەم فەلسەفەدا هاودەنگی خۆیان بەهێزتر بکەن و وەڵامی پلانەکانی جینۆساید و قڕکردن و لەناوبردن بدەنەوە.