"پێویستە کۆمەڵکوژی ئەرمەنی و ئێزدییەکان وەک جینۆساید بناسرێت"

نەوەیەکی ئەرمەنییەکان کە کۆمەڵکۆژی ئەرمەنیەکانی بینیوە و هەمان ئەزموونی داپیرەی لەو جینۆسایدەدا بەسەریدا هاتووە، جەختی لەوە کردووە کە دۆسیەی جینۆسایدی ژنانی ئەرمەنی و فەرمانی ژنانی ئێزدی پێویستی بە گرنگیدانی نێودەوڵەتی هەیە.

سۆرگول شێخۆ

 

حەسەکە - ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە جەنگی جیهانی یەکەمدا سیاسەتی جینۆسایدی دژی گەلی ئەرمەنی ئەنجامدا، لە ئەنجامی ئەو جینۆسایدەدا ملیۆنێک و نیو ئەرمەنی کوژران، هێرشە جینۆسایدەکان لە بەهاری ساڵی ١٩١٥ دەستی پێکرد و تا پایزی ١٩١٦ بەردەوام بوو، عوسمانییەکان و دەوڵەتی تورکیا ئەمڕۆ بەرپرسیارێتی کردەوەکانیان و جینۆساید هەڵناگرن، ئەرمەنەکان ئەم جینۆسایدەیان ناوە مەدز یەگهەرن (تاوانی گەورە) یان ئاگهەت (کارەسات).

 

جینۆسایدی ئەرمەنییەکان جینۆسایدی ژنانە

لەم کۆمەڵکوژییەدا کە مرۆڤایەتی چاوی لێ دادەخات، ژن و منداڵ کوژران، ڕفێندران، دەستدرێژییان کرایە سەر و ئەوانەی کە ناچار بوون کۆچ بکەن، لە تینوێتی و برسێتیدا گیانیان لەدەستدا و تەرمەکانیان لەسەر ڕێگاکان بەجێهێشت. لە هەمان کاتدا ژن هەبوون کە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا و ژنانێکیش بەرخۆدانیان دەکرد.

 

نەوەیەکی ئەرمەنییەکان: گارین هارۆتیان

لە شاری حەسەکە لە کانتۆنی جزیر لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، نەوەیەکی ئەرمەنییەکان بە ناوی گارین هارۆتیان هەیە، کە لە ساڵی ١٩٦٨ لە شاری حەلەب لەدایکبووە و ماوەی ٣١ ساڵە لە گەڕەکێکی حەسەکە نیشتەجێیە، دایکی کچ و کوڕێکە کە هەردووکیان خێزاندارن و هاوژینەکەی چەند ساڵێک لەمەوبەر کۆچی دوایی کردووە، بەڵام گارین بە تەنیا ناژی، لەگەڵی ژنێکی موسڵمان هەیە و لە ماڵێکدا پێکەوە دەژین، سەرەڕای جیاوازی بیروباوەڕ و کولتوور و زمان و مێژوو، لەگەڵ ئەو باوەڕە دەژین کە ژن لەگەڵ ژن بەهێزترە و دەتوانن پێکەوە تێکۆشان بکەن.

 

گارین بە سەرپەرشتی ئەنجومەنی کۆمەڵگەی ئەرمەنی فێری زۆرێک لە گەنجان دەکات کە زمانی دایکی خۆیان (ئەرمەنی) فێربن.

 

گارین کە ئێستا تەمەنی ٥٦ ساڵە، لەو ساتانەی کە چاوی بەڕووی دونیادا کردۆتەوە و گەورە بووە، بە گوێگرتن لە ئەزموونی داپیر و باپیر گەورە بووە و ڕق و کینە بەرامبەر بە دوژمن ڕۆژانە لە دڵیدا بە ئامانجی تۆڵەسەندنەوە، گەشە دەکات.

 

گارین هارۆتیان بە چەند وردەکارییەک لەبارەی جینۆسایدی ئەرمەنییەکانەوە بۆ ئاژانسەکەمان دوا.

 

لەناو بێشکە و لەبەردەم گڵۆپی شەودا بە چیرۆکەکانی جینۆساید گەورە بووە...

لەبەرئەوەی ئەزموونی داپیرەی هێشتا لە یادەوەریدایە و هێشتا لە ژیاندایە، گارین هارۆتیان وا دەستی بە قسەکانی کرد: "ئێمە بە چیرۆکەکانی ئەو جینۆسایدە گەورە بووین کە دایک و باوکمان بۆیان دەگێڕاینەوە. ساڵی ١٩١٥ و جینۆسایدی ئەرمەنییەکان، هەردووکیان باش لە بیرمدا ماوە کە چۆن پێکەوە گەورە بووین، من تەمەنم ٨ ساڵ بوو، دایکم و باوکم خەڵکی شاری باکووری کوردستانن باسی ئەو عوسمانیانەیان دەکرد کە چییان بەسەرماندا هێنا، چ سیاسەتێکیان لە دژی خاک و سروشتمان و پیشەسازیی ئێمەدا جێبەجێ کرد و چۆن دەستیان بە جینۆساید کردووە و لە ڕەگ و ڕیشەی خۆیان ئاوارەیان کردووە.

 

''بە پرچەکەی سەربازێکی عوسمانی دەخنکێنێت''

"ئەو کاتە تەنها داپیرە و باپیرم لە گوندەکەدا مانەوە، داپیرە دووگیانەکەم لە مانگی ٨دا بوو، لەگەڵ باپیرم هەڵاتن و بە ئاوەڕۆکاندا تێپەڕین و بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ بەبێ خواردن و خواردنەوە لە سەربازە عوسمانییەکان خۆیان شاردەوە، ئەوان تێدەگەن کە سەربازێکی عوسمانی شوێنیان دەدۆزێتەوە و لێیان نزیک دەبێتەوە، چونکە داپیرەم قژی زۆر درێژی هەبوو، هەمیشە قژی دەکردە پرچ، سەربازەکە دەکەوێتە داوی داپیرەم و پرچە درێژەکەی لە قوڕگی سەربازەکە دەپێچێتەوە و دەیخنکێنێت. بەم شێوەیە خۆیان ڕزگار دەکەن، بەڵام دوای چەند ساڵێک لە ژیان لە حەلەب، ئەوانیش دەمرن، هەمیشە خۆزگەم دەخواست کە من لە سەردەمی ئەودا بوومایە، یان ئەو لە سەردەمی ئێستادا بوومایە و منیش ئەم ساتانەی بەنرخم ژیاوە، تا بزانم داپیرەم چەندە ژنێکی ئازا بووە".

 

''ئەمە گامێشەکانن''

گارین هارۆتیان ترسی عوسمانییەکان لەدژی ئەوان و هۆکاری جینۆسایدەکەی خستەڕوو: "بە دڵی عوسمانییەکان نەبوو کە ئەرمەنییەکان لەسەر ڕەگ و ڕیشەی خۆیان بژین، لە ڕووی ئابووری و پیشەسازییەوە گەشە بکەن، لە ڕووی سیاسی، ئەدەبی، پەروەردەیی و بوارە یاساییەکان هەنگاو بنێن، چونکە عوسمانییەکان ئەمەیان وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئیمپراتۆریەتەکەیان دەبینی. کۆمەڵکوژییان ئەنجامدا، خەڵکیان ناچار دەکرد هەڵبێن و دەیانکوژن بۆ ئەوەی خۆیان تەسلیم نەکەن، هەندێک لە ژنان خۆیان فڕێدانە ناو ڕووبارەکەوە، و سکی ئەو ژنانەی دووگیانین دەبڕییەوە، بە شمشێرەکانیان منداڵەکانیان دەردەخست و یارییان پێدەکرد و پارچە پارچەیان دەکرد. بۆ ئەرمەنییەکان دەیانگوت ''ئەمانە گامێشن'' و بەبێ ئەوەی بڵێن منداڵ و ژن و پیر و گەنجن و هەموویانیان بە کۆمەڵکوژیدا تێپەراند، ئەمە تەنها کۆمەڵکوژی ملیۆنێک و نیویانە کە بەڵگە کراون، ئەوانەی کە کوژراون، ئاوارە بوون و هەروەها ئەو کەسانەش هەن کە لە کاتی گەشتی کۆچکردندا لە بیابانەکاندا گیانیان لەدەستداوە کەس نازانێت خوشک و برا و دایک و باوکیان لە کوێن، هەموویان لەناوچوون".

 

"بەشێک لە ئێسکەکانمان لە کوێستانەکان و لە ڕێگاکان کۆکراونەتەوە"

گارین هارۆتیان ڕایگەیاند کە ئێسکەکانیان لە گۆڕستانی مەرگەدە لە حەسەکەیە و درێژە بە قسەکانی دەدات و دەڵێت: "ئەرمەنییەکانی سەر ڕێگای کۆچ لە تینوێتی و برسێتی گیانیان لەدەستداوە، ئێسکەکانیان هێنراون و لە گۆڕستانی مەرگەدا بە خاک سپێردراون، ئێسکەکانیان لەسەر زەوی بەجێنەهێشتووە، هەندێک جار ئێسکی قاچ و سەر و هەندێک جار ددانیان دەهێنا، هەریەکەیان لە گۆڕێکدا دەنێژران بەبێ ئەوەی بزانن ئێسکی قاچی کێیە و ناسنامەکەیان یان تەمەن و ڕەگەزیان چییە. هێشتا نامەوێت بچم ئەم شوێنە ببینم، هێشتا برینەکە خوێنی لێ دەڕوات و سارێژ نەکراوە، فەرامۆش ناکرێت، ئازارەکان لەبیرناکرێن و نابێ لەبیرمان بچێت، لەگەڵ هەر منداڵێکی نوێ چاوی بەڕووی ژیاندا بکاتەوە، جینۆسایدەکەمان زیندوو دەبێتەوە".

 

گرنگیدانی نێودەوڵەتی پێویستییەکە لە ئێستادا

گارین هارۆتیان جەختی لە گرنگی دۆسیەی جینۆسایدی ئەرمەنی کردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە جینۆسایدێکی ئاسایی نەبووە و لە درێژەی قسەکانیدا بەم شێوەیە وتی: پێویستە گرنگیی نێودەوڵەتی بۆ دۆزی ئەرمەنەکان هەبێت، بەهۆی هەر منداڵێکی ئەرمەنی کە دێتە جیهان، ئێمە لەگەڵیدا جینۆساید دەژین زیندووی دەکەینەوە، ئێمە لەگەڵیان هاوبەشین بۆ ئەوەی لەبیر نەکرێن ئێمە دڕندەیی ئێستا لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەگوازینەوە و مێژووەکەیان دەناسێنین".

 

فەرمانی ئێزدی و جینۆسایدی ئەرمەنەکان دوانەیەکی یەک خاک و ئازارن

گارین هارۆتیان ئەو فەرمانەی وەبیرهێنایەوە کە ژنانی ئێزدی لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ ڕووبەڕووی بوونەتەوە و ڕایگەیاند کە فەرمانی ژنانی ئێزدی درێژەپێدەری کۆمەڵکوژی ژنانی ئەرمەنە بەڵام کۆمەڵکوژییەک بوو بە هەمان عەقلییەتی دەوڵەت- پیاو بوو. فەرمان و کۆمەڵکوژییەکان لە یەکتر جیا نەکراونەتەوە، ژنانی ئەرمەنیش سەریان دەبڕدرا، خۆیان فڕێدا بۆ ناو ڕووبارەکان و ژن و منداڵە بێتاوانەکان کوژران، بۆیە ئەوانەی کە دەبێ زۆرترین کار بکەن ژنانن و ئەم جینۆسایدە لەبیر نەکەن.

 

بانگەواز بۆ سزادان و دانپێدانان

گارین هارۆتیان باسی لەوەشکرد کە دۆسیەکەیان لەبیرناکەن و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "ئێمەی ژنانی ئەرمەنی داوای سزادانی تاوانباران و ناساندنی جینۆسایدی ئەرمەنەکان دەکەین، چونکە ئەمە مافی ئێمەیە و ڕۆژێک بەدەستی دەهێنین، چونکە تا ئەمڕۆ ". جینۆساید دژی ئێمە هەمیشە بەردەوام بووە، دەبێت لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا دەنگی خۆمان بەرز بکەینەوە و هەمووان بە جینۆسایدەکەمان ئاشنا بکەین".

 

گارین هارۆتیان کۆتاییدا وتی: "هیوادارم ڕۆژێک بێت، سەردانی وڵاتەکەم بکەم و خەونی دایکم بەدیبهێنم، چونکە بەڕاستی ویستویەتی بچێت لە ئەرمینیا بژی بەڵام نەیتوانی".