ژنانی تووشبووی شێرپەنجە: شێرپەنجە تێدەپەڕێنین

ڕێکخەرانی بەشی چارەسەری سروشتی نەخۆشخانەی هیوا بە ئامانجی تێپەڕاندنی شێرپەنجە چالاکییەکی وەرزشییان بۆ ژنانی تووشبووی شێرپەنجە ڕێکخست.

سلێمانی

 

مانگی تشرینی یەکەم بە مانگی پەمەیی ناسراوە، کە ئاماژەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک، لەو چوارچێوەیەدا، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی، ڕێکخەرانی بەشی چارەسەری سروشتی نەخۆشخانەی هیوا، بە بەشداری ژنانی تووشبووی شێرپەنجە و بە دروشمی "ئێمەی تووشبوو، شێرپەنجە تێدەپەڕێنین" چالاکییەکی وەزشییان ڕێکخست.

 

مونیرە مەحمود، ڕاهێنەری سروشتی و وەرزشی لە نەخۆشخانەی هیوا چەندین چالاکی وەرزشی و جوڵەی دەروونی لەگەڵ ژنانی بەشداربوو ئەنجامدا.

 

سروە مەجید فەرەج، چارەسەرخوازی شێرپەنجە، باس لەوە دەکات، تووشبووانی شێرپەنجە دەتوانن کار و چالاکی ڕۆژانەی خۆیان ئەنجام بدەن، ئەنجامدانی وەرزش و چالاکی دەروونی لەلایەن پزیشک و ڕێنمایکارەکان چارەسەرێکی باش دەدات بە تووشبووان.

 

سروە لە ساڵی ٢٠١١دا تووشی شێرپەنجە دەبێت، بە هۆکاری نەڕووخانی لایەنی دەروونی و ئەنجامدانی وەرزش، ماوەی ١٤ ساڵە بەسەر شێرپەنجەدا زاڵە، دەشڵێت: ئێمەی تووشبووی شێرپەنجە هەفتانە لەگەڵ پزیشکەکان و ڕاهێنەرانی سروشتی، بۆ ئەنجامدانی چالاکی وەرزشی و دەروونی سەردانی پارکی ئازادی دەکەین، هەبوونی ئەم چالاکیانە بۆتە هۆکاری هەبوونی هێزێکی باش بۆ تووشبووان، تووشبووان ناتوانن چالاکییەکان لە ماڵەکانیاندا ئەنجام بدەن، بەڵام پزیشک و ڕاهێنەرەکان بە باشترین شێواز ڕاهێنانمان پێدەکەن.

 

ئەو چارەسەرخوازی شێرپەنجەیە، لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەدا، ڕووبەڕووبوونەوەی شێرپەنجە کارێکی گران نییە، ژنان بەهێزی خۆیان بەرەنگاری شێرپەنجە دەبنەوە، ئەنجامدانی چالاکییەکان و وەرگرتنی چارەسەر کارێکی گرنگە بۆ تێپەڕاندنی شێرپەنجە، پێشنیاریش بۆ ژنان دەکات و دەڵێت: پێشنیار دەکەم ژنانی تووشبووی شێرپەنجە بەشداری ئەم وەرزشانە بکەن، شێرپەنجە چۆکتان پێ دانەدات، بە هەبوونی ئیرادەی تووشبوو و مانەوە لە ژێر چاودێری پزیشکدا بە سەرکەوتووی شێرپەنجە تێدەپەڕێنین.

 

لە کۆتایدا پزیشکان و ژنانی چارەسەرخوازی شێرپەنجە، بە یەک دەنگ دروشمی "ئێمەی ژنان، شێرپەنجە تێدەپەڕێنین"یان وتەوە.