لە ئەفغانستان بکوژانی ژن بە یاسای بێ سزایی پاداشت دەکرێن

بەهۆی حوکمڕانی تاڵیبانەوە کۆمەڵکوژی و توندوتیژی و هاوسەرگیری لە تەمەنی کەمی ژنان لە زیادبووندایە، مردنی گوماناویش بە 'خۆکوژی' ناودەبرێت. پێشێلکارییەکانی دژی ژنان لە ڕۆژنامەکانی وڵاتدا بڵاو ناکرێنەوە و بکوژەکان بە بێ سزایی پاداشت دەکرێن.

بەهاران لاهیب

 

ناوەندی هەواڵ- لە ئەفغانستان، دوای ئەوەی تاڵیبان دەست بەسەر دەسەڵاتی ئەو وڵاتەدا گرت، هەموو ڕۆژێک ژنان دەکوژرێن، ئازار دەدرێن، دەگیرێن و ڕووبەڕووی هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەک دەبنەوە. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا یاسای نوێ لە ژێر ناوی "یاسای ڕاستگۆیی" دەرچوو و لەگەڵ ئەوەشدا شوێنە گشتییەکان بۆ ژنان قەدەغە کراوە. هاوکات لەگەڵ پابەندبوون بە حیجاب و هەندێک جلوبەرگ، دەنگی ژنانیش قەدەغە کرا، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە شاری هۆست ١٠ ژن بە هۆی ئەوەی بەپێی یاساکانی ئیسلامی حیجابیان نەکردووە، دەستگیر کران، تاڵیبان کە بە سیاسەتە پیاوسالارییەکانیان، یەکەم کەسن کە ژن دەکوژن، بە بێ سزایی پاداشتی بکوژەکان دەدەنەوە.

 

زیادبوونی هەژاری لە ئەفغانستان بووەتە هۆی ئەوەی کچان لە تەمەنێکی کەمدا هاوسەرگیریان پێبکرێت، لە وڵاتدا توندوتیژی خێزانی و کوشتنی ژنان لە زیادبووندایە، تاوانەکانی دژی ژنان ئەنجامدەدرێن، بەشێکی زۆریان لە میدیاکانەوە باس ناکرێت، بەهۆی ئەوەی تاڵیبان دەستی بەسەر چاپەمەنیدا گرتووە، ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی چەندین تاوان و خراپ بەکارهێنان کردووە.

 

لە ئەفغانستان، بەپێی ئەو ڕووداوانەی کە لە میدیاکاندا بڵاوکراونەتەوە، لە ٣ی ئەیلوولەوە تا ١٨ی ئەیلوول، ٩ ژن کوژراون. ئەم ئامارانە تەنها ئەو ڕووداوانەن کە لە میدیاکاندا بڵاودەبنەوە و ئاماری ڕاستینە ڕێژەی بەرزترە، بەڵام بە شاراوەیی دەمێنێتەوە.