ژنانی چالاکوان لیبیا: پێویستە ژنان بەشداری هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بکەن
هەوڵی جۆراوجۆر بۆ زیادکردنی بەشداری ژنان لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی شارەوانی لیبیا بەردەوامە، چالاکوانان بانگەوازی سەرجەم ژنانیان کرد بۆ بەشداریکردن لە چالاکیەکانی هەڵبژاردن و ڕایانگەیاند، دەنگدانتان مافی ئێوەیە، نابێت پشتگوێ بخرێت.
هندیە ئەلعەشیبی
بنغازی- ژنانی لیبیا کە بە ململانێی درێژخایەن و ئەو باجەی داویانە مافە سیاسییەکانیان بەدەستهێناوە، خۆیان بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان ئامادە دەکەن، کۆمسیۆنی باڵای نیشتمانیی هەڵبژاردنەکانی لیبیا ڕایگەیاند، ژمارەی دەنگدەرانی تۆمارکراو بۆ هەڵبژاردنی گروپی یەکەمی شارەوانییەکان "60 شارەوانی" گەیشتووەتە ٨٣ هەزار و ١٥٤ کەس، ڕاگەیەندرا کە ماوەی تۆماری دەنگدەران کە لە ٩ی حوزەیران دەستی پێکرد و بڕیار بوو لە ٢٣ی حوزەیران کۆتایی پێبێت، لەسەر داوای ڕێکخراوە مەدەنییەکان و هاووڵاتیان تا ٧ی تەمووز درێژکرایەوە.
سەبارەت بەم پرسە شیم بۆفانە، چالاکوانی مەدەنی ڕایگەیاند، بەهێزکردنی بەشداری ژنان لە پڕۆسە جۆراوجۆرەکانی هەڵبژاردن لە لیبیا لە ڕێگەی بەرنامەی هۆشیاری و چالاکییەکانی دامەزراوە تایبەت و مەدەنییەکانەوە هاتەدی، هەروەها ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە هەنگاوەکانی سەرکەوتن و لە قەناعەت پێکردنی کۆمەڵگە لە گرنگی ڕۆڵی ژنان لە دامودەزگاکانی حکومەتدا و وتیشی: پێویستە ژنان بەپێی یاسا و مافەکان لە شوێنی گونجاو بن و بەپێی کولتوور ڕەفتار نەکەن کە لەناو کۆمەڵگەدا جێگیر بووە.
"بەتەمەنترین کەس لە ئەنجومەن وەک سەرۆک هەڵدەبژێردرێت"
شیم بۆفانە ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە یاسای ژمارە ٥٩ی تایبەت بە دابەشکردنی کورسی تایبەت و گشتی لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی شارەوانیدا نوێ بکرێتەوە و وتی: هەڵبژاردنی شارەوانی لە ئەنجومەنی شارەوانی بەپێی کۆبوونەوەیەک لەدوای پرۆسەی هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت، لەو کۆبوونەوەیەدا بەتەمەنترین کەس لە ئەنجومەنەکەدا وەک سەرۆک هەڵدەبژێردرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، کورسی تایبەت بۆ ژنان هەیەو یاسا کورسی بۆ ژنان تایبەت کردووه ، کورسییەکانی تر بۆ ئەو کەسانە بوو کە خاوەن پێداویستی تایبەتن، هەروەها کورسی گشتی هەیە، یاساکە بەشداری ژنان لە هەڵبژاردنەکاندا قەدەغە ناکات، بەڵام ژنان ترسیان لەوە هەیە لە پرۆسەی ناو تۆمارکردن بۆ کورسییەکان شکست بهێنن.
"پێویستە بەشداری ژنان لە هەڵبژاردنەکاندا بەهێز بکەین"
ئەسما فەزلەڵا مەنسور، سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری دامەزراوەی داواکاری باڵا، بەرنامەی هۆشیاریی جۆراوجۆری بۆ بەهێزکردنی بەشداری ژنان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان پشتڕاستکردەوە و وتی: پێویستە بەشداری ژنان و بەشداریکردنیان لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکاندا بەهێزتر بکەین وەک کاندیدەکان، بە تایبەت دوای تۆمارکردنی نزیکەی ٦٠ شارەوانی لەسەر ئاستی وڵات.
سەبارەت بەو چالاکییانەی کە دەکرێت لە گوند و شارۆچکەکاندا وتی: پێویستە بەرنامەی هۆشیاری بە لێدانی دەرگا و هۆشداریدان لە ناو ماڵەکان یان لە ڕێگەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان و دیالۆگ و کۆبوونەوە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئەنجام بدرێت.
ئەسما فەزلەڵا مەنسور لە کۆتایی قسەکانیدا دووپاتی کردەوە، ژنان دەتوانن لەڕێگەی شارەزایی خۆیانەوە ئەنجومەنی شارەوانییەکان بەڕێوەببەن، هەروەها داوای لە هەموو ژنانی شارەکانی لیبیا کرد بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن و وتی: دەنگدانت مافی خۆتە، هەرچی ڕووبدات دەبێت دەنگەکەت بپارێزیت.