هەژارییەکی زۆری خۆراک مەترسی لەسەر تەندروستی منداڵان دروست دەکات

ڕاپۆرتێکی ئەم دواییەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لەلایەن یونیسێفەوە بڵاوکرایەوە، ئاشکرای کرد کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا ڕووبەڕووی قەیرانێکی سەختی هەژاری خۆراک بوونەتەوە، کە بە شێوەیەکی ناڕێژەیی کاریگەری لەسەر منداڵان هەیە.

یەمەن

 

سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان (یونیسێف) لەم دواییانەدا ڕایگەیاند کە نزیکەی ٦٢%ی منداڵانی خوار تەمەنی پێنج ساڵ لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بەدەست هەژاری خۆراکییەوە دەناڵێنن، کە نزیکەی ٣٤ ملیۆن منداڵ پێکدەهێنێت، واتە لە هەر پێنج منداڵ سێ منداڵن و لەناو ئەم منداڵانەدا زیاتر لە ٪٢٠ یاخود لە هەر پێنج منداڵێک یەکێکیان بەدەست هەژارییەکی زۆری خۆراکەوە دەناڵێنێت.

 

لە ڕاپۆرتەکەی یونیسێفدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەو منداڵانەی بەدەست هەژاری خۆراکییەوە دەناڵێنن، مەترسییەکی زۆری بەدخۆراکییان لەسەرە، بەو پێیەی نزیکەی سێ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار منداڵ بەدەست بەفیڕۆدانەوە دەناڵێنن، کە مەترسیدارترین جۆری بەدخۆراکییە بۆ سەر ژیان، هەروەها ئەو منداڵانەی لە هەژارییەکی زۆری خۆراکدا دەژین، لە ئاستێکی بەرزتردان و مەترسی بەفیڕۆدانیان ٪٥٠یە.

 

ڕاپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە ململانێ و قەیرانە بەردەوامەکان، لەگەڵ نایەکسانی و گۆڕانی کەشوهەوا، بزوێنەری سەرەکی هەژاریی خۆراکی زۆرن لە منداڵاندا قەیرانەکان، دوژمنایەتی و ناسەقامگیری ئابووری لە ناوچەکەدا هۆکاری پەکخستنی سیستەمی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی خۆراکن، ئەمەش وایکردووە کە بۆ منداڵان قورس بێت دەستیان بگات بە خۆراکەکان.

 

ڕاپۆرتەکە هۆشداری داوە لە کاردانەوەی جددی هەژاری خۆراک لەسەر تەندروستی و گەشەی منداڵان، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو منداڵانەی بەدەست بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن، مەترسی تووشبوونیان بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان و خراپی گەشەکردنی مەعریفی و جەستەیی و تەنانەت مردنیشیان لەسەرە.