تاڵیبان سزای قامچی دژی ٦٣ کەس جێبەجێکرد کە ١٢یان ژنن

نوێنەرایەتی هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان سزای قامچی تاڵیبانی دژی ٦٣ کەس کە ١٢یان ژن بوون شەرمەزار کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریکردن لە ئەفغانستان، لە ڕێگەی بەیاننامەیەکەوە کە دوێنێ چوارشەممە ٥ی حوزەیران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس  بڵاوکرایەوە، ڕایگەیاند لانیکەم ٦٣ کەس لە ڕۆژی سێشەممەدا لەلایەن تاڵیبانەوە لە ئەفغانستان قامچیان لێدراوە.

 

نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان قامچی لێدانی لە پارێزگای ساری پول لە ئەفغانستان شەرمەزار کرد و داوای ڕێزگرتن لە پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤی کرد.

 

 هەروەها دادگای باڵای تاڵیبان لە بەیاننامەیەکدا قامچی لێدانی ٦٣ کەسی لە یاریگایەکدا پشتڕاستکردەوە کە ١٢یان ژن بوون، کە تۆمەتبار کرابوون بە " دزی و پەیوەندییە بێ ڕەوشتی".

 

سەرەڕای بەڵێنەکانی نێودەوڵەتی بۆ دەسەڵاتداری میانڕەوتر، تاڵیبان دوای ماوەیەکی کەم لە هاتنەوە سەر دەسەڵات لە ناوەڕاستی مانگی ئابی ٢٠٢١، بە ئاشکرا دەستیکرد بە جێبەجێکردنی سزای توند، لەوانە لەسێدارەدان، قامچی لێدان و بەردبارانکردن.